سێ گەڕەكی مووسڵ مووشەكباران دەكرێن

:: PM:02:22:03/11/2016 ‌

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی كردەوە، كە تەقینەوەی گەورە و بەهێز رۆژهەڵاتی شاری مووسڵیان دوای بڵاوبوونەوەی وتارەكەی ئەبوبەكر بەغدادی، هەژاندووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە قوربانییەكانی ئەو تەقینەوانە و بكەری تەقینەوەكان بكات.

هاووڵاتییەكی رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ بە "رۆیتەرز"ی ڕاگەیاندووە، هێزەكانی عێراق هێڵی بەرگری تیرۆریستانیان بڕیووە و هاتوونەتە ناو مووسڵ، لەلایەن تیرۆریستانیشەوە بە سەدان مووشەك ئاراستەی گەڕەكی ئینتیسار و قودس و سەماح رۆژهەڵاتی مووسڵ دەكرێت، كە سەربازانی عێراقی تێدایە.

هەروەها گوتی، گوێمان لە هوتافی ئەڵاوئەكبەری چەكدارانی داعش بوو لەو كاتەی دەستیان بە تەقاندنەوەی سەدان مووشەك دەكرد و بە ئاراستەی ئەو گەڕەكانەیان دەهاوێشت كە هێزەكانی عێراق هاتوونەتە ناویەوە.

ئاماژەی دا، نازانین مووشەكەكان چی بوون، بەڵام دەنگێكی یەكجار گەورەیان لێ بەرز دەبووەوە و ناوچەكەیان پڕ كردبوو لە دووكەڵ و خانووەكان لەگەڵ تەقینەوەیان دەلەرزین، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی لە دڵی هەموومان بڵاوكردبووەوە.

بەگوێرەی لێكدانەوەكانی "رۆیتەرز" دەنگی ئەم تەقینەوە گەورانە لە رۆژهەڵاتی مووسڵ دوای بڵاوبوونەوەی پەیامە دەنگیەكەی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئەبوبەكر بەغدادی دەستی پێ كردووە.

هاووڵاتییەكی تری ناو مووسڵ بۆ "رۆیتەرز" دەڵێ، ئەمڕۆ چەكدارانی داعش بە ورەیەكی زۆر بەهێزەوە بێ خۆحەشاردان لە فڕۆكەكان هاتوونەتە سەر شەقامەكانی مووسڵ و دوای وتارەكەی بەغدادی ئەوان دەڵێن دەجەنگین تا مردن.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.

سەرچاوە/ ئەلقودس.


وشە - باز ئه‌حمه‌د