ژنێكی ته‌مه‌ن 72 ساڵی له شاری سلێمانی، به تاوانی كوشتنی كچه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ دێته گرتن و ئه‌و ده‌ڵێت، بێتاوانه و نه‌ك هه‌ر كچه‌كه‌ی نه‌كوشتووه، ڕۆژێك له ڕۆژان بیریشی له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه ئازاری كچه‌كه‌ی بدات.
ئامینه ئه‌و ژنه به‌ته‌مه‌نه‌یه كه ماوه‌ی ١٤ ساڵه له گرتووخانه‌ی گه‌ورانی سلێمانی ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، ئه‌و به تاوانی كوشتنی كچه ته‌مه‌ن 26 ساڵانه‌كه‌ی گیراوه.
ئامینه له‌ناو گرتووخانه‌وه چیڕۆكی ژیانی بۆ "وشه" ده‌گێرشێته‌وه، "له ته‌مه‌نی ١٣ ساڵی به‌شوو درام، سه‌خترین ژیانم به‌ڕێ كرد، به‌و ته‌مه‌نه‌وه كه‌وتوومه ناو خێزانێكی گه‌وره و ئه‌ركێكی زۆرم له‌سه‌ر بوو، بووم به دایكی 13 منداڵ، به‌ڵام منداڵه‌كانم هه‌موو به به‌رچاومه‌وه ماڵئاوایییان له ژیان كرد".
سێ كوڕ و دوو كچی ئامینه له یه‌ك ڕۆژدا به ڕووداوی هاتوچۆ گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن، كوڕێك و كچێكی تریشی به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه ده‌مرن، كچێكی تریشی به‌هۆی گڕگرتنی بوتڵه غازه‌وه و منداڵێكیشی به‌زوویی مردووه، به‌ڵام گیان له‌ده‌ستدانی دوو له كچه‌كانی تری پێوه‌ندییان به گرتنی خۆی و مێرده‌كه‌یه‌وه هه‌یه.
ئامینه باسی كچه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێ، "كچه‌كه‌م ته‌مه‌نی ٢٦ ساڵ بوو، شووی به‌و كوڕه كرد كه خۆی هه‌ڵیبژاردبوو، دوای دوو ساڵ كێشه‌ی زۆریان هه‌بوو، چه‌ند جار كچه‌كه‌م ده‌هاته‌وه مێرده‌كه‌ی لێی دابوو، هه‌موو گیانی شكاندبوو، ئه‌وه چه‌ند جارێك دووباره بووه‌وه، بۆیه كچه‌كه‌م داوای جیابوونه‌وه‌ی كرد و جیا بوونه‌وه، به‌ڵام دواتر مێرده‌كه‌ی وازی نه‌هێنا و دووجار به‌دزییه‌وه ڕۆیشتن و هاته‌وه".
ئامینه نایشارێته‌وه سێیه‌مین جار كه كچه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری پێشووی ده‌ڕوات بۆ به‌غدا و هه‌واڵ بۆ ماڵی باوكی دێته‌وه كه مێرده‌كه‌ی كاری له‌شفرۆشی پێ ده‌كات و دواتریش له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا دوو جار فرۆشتوویه‌تی، بۆیه باوكی له‌گه‌ڵ بیستنی ئه‌م هه‌واڵه‌دا بڕیار ده‌دات خۆی بگه‌یه‌نێته به‌غدا و كچه‌كه‌ی بكوژێت.
ئامینه ڕوونی كرده‌وه، "به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بڕیاری پیاوه‌كه‌م نه‌بووم، بۆیه خوشكه‌زایه‌كی مێرده‌كه‌مم له‌گه‌ڵ نارد، تا ڕێ نه‌دات بیكوژێت و ته‌نیا كچه‌كه بێننه‌وه، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ته‌رمی كچه‌كه‌شم نه‌بینییه‌وه".
ڕۆژێك دوای ڕۆیشتنی مێرده‌كه‌ی و كوڕی شووبراكه‌ی، ئامینه له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ی تری‌دا له ماڵه‌وه ده‌بێت و له جێ‌دا كه‌وتووه، له‌ناكاو كوڕی شووبراكه‌ی خۆی ده‌كات به ماڵیاندا و هه‌موو شتێك كۆتای دێت. ئامینه باس له‌و ڕۆژه ده‌كات و ده‌ڵێ، "له خه‌می كچه‌كه‌م له جێ‌دا كه‌وتبووم، له‌ناكاو كوڕی دشه‌كه‌م هات و گوتی ئامۆژن سویچی ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ی خاڵمم پێ بده له‌گه‌ڵ ٦٠٠ دۆلار، خاڵم كچه‌كه‌ی كوشت و خۆی ڕاده‌ستی پۆلیس كرد، منیش له كوشتنه‌كه ده‌ستم هه‌بوو، بۆیه ده‌بێت ڕابكه‌م".
زیاتر ده‌ڵێ، "له‌و كاته‌ی كچه‌كه‌م گوێی له‌و قسانه بوو، ئیتر بوو به شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ پوورزاكه‌یدا و كچه‌كه‌م به‌چه‌قۆ په‌لاماری دا و پێی گوت خوشكی منت كوشتووه و هاتووی به پاره و ئۆتۆمبێلی ئێمه‌ش ڕابكه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كچه‌شم له ده‌ست نه‌چێت، پێوه‌ندیم به پۆلیس كرد و به هانامانه‌وه هاتن، به‌ڵام له‌و كاته‌دا ئه‌و كوڕه گوتی خاڵۆژنیشم له‌گه‌ڵ من و خاڵم ده‌ستی هه‌بوو له كوشتنی كچه‌كه‌ی".
هه‌رسێكیان ده‌گیرێن و هه‌ریه‌كیان به ٢٠ ساڵ گرتن حوكم ده‌درێن، ته‌نیا شایه‌تیش له‌سه‌ر به‌شداریی ئه‌و ژنه كوڕی دشه‌كه‌یه‌تی. ئامینه ده‌ڵێ، "دوو ده‌فته‌ریان داوه‌تێ تا ئیفاده‌ی بگۆڕێت، هه‌موو جار پاره‌ی وه‌رگرتووه به‌و بیانووه‌ی له دانیشتنی داهاتووی دادگادا ئیفاده‌ی ده‌گۆڕێت، به‌ڵام نه‌یگۆڕیوه".
دوای پێنج ساڵ مانه‌وه له گرتووخانه، هاوسه‌ره‌كه‌ی له گرتووخانه كۆچی دوایی ده‌كات، كچه‌كه‌شی شوو به كوڕی مامی ده‌كات، دوو براكه‌شی ده‌چنه خانه‌ی بێ سه‌رپه‌رشتان، دوای سێ مانگ له هاوسه‌رگیریی كچه‌كه‌ی، ئامینه باس له‌وه ده‌كات، به‌هۆی خراپی مێرده‌كه‌ی و سووكایه‌تی پێكردنی ماڵی خه‌زوورانی، كچه‌كه‌ی خۆی سوتاندووه و دوای مانه‌وه‌ی سێ ڕۆژ له نه‌خۆشخانه گیانی له ده‌ست داوه.
ئامینه باس له‌وه ده‌كات كه هیچ كه‌سێكی نییه تا به‌دواداچوون بۆ كه‌یسه‌كه‌ی بكه‌ن، چونكه زۆربه‌ی كه‌سوكاری ئه‌نفالن و منداڵ و مێردیشی نه‌ماوه، له‌لایه‌ن دراوسێكانییه‌وه پارێزه‌رێكی بۆ ده‌نێرن، ئه‌ویش پێی گوتووه به یه‌ك ده‌فته‌ر ده‌توانێت بێتاوانی بسه‌لمێنێت و له گرتووخانه ده‌ریبێنێت، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه به ئه‌و په‌یدا ناكرێت.
وشه/ ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان