عوسمان بایده‌میر گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی گه‌لان/هه‌ده‌په له دیدارێكی "وشه"دا رای ده‌گه‌یه‌نێت كه حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مافی چاره‌نووسیی گه‌لی كورده له باشووری كوردستاندا و ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی حكوومه‌ته‌كانی چوار وڵات له‌سه‌ری كۆك بوون بۆ كورد ئه‌وه‌ی كورد به مافی خۆی نه‌گات، ئێسته رووخاوه. بۆیه داوا له هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێم ده‌كات به كۆده‌نگیی به‌شداری له ریفراندۆم بكه‌ن.
بایده‌میر كه یه‌كێكه له دیارترین سیاسییه‌كانی كورد له توركیا و به هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ناسراوه، دووپاتی ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر خۆم له باشووری كوردستان بوومایه، له ریفراندۆم به "به‌ڵێ" ده‌نگم ده‌دا.
هه‌ڵوێستی هه‌ده‌په له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستاندا چییه؟
گه‌لی ئێمه له باشوور چۆن بخوازێت و چ شتێك بكات، ئێمه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری ده‌كه‌ین. هه‌ر شتێك له باكور بكه‌وێته سه‌ر شانمان، هه‌ر له كۆنسێرت و چالاكی جیاجیا ئێمه ده‌كه‌ین، چونكه ریفراندۆم ئیراده‌ی گه‌له و گه‌ل چۆن بخوازێت له هه‌ر كووچه و كۆڵانێكی دنیا بێت، ئێمه رێزی لێ ده‌گرین. ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی 100 ساڵدا سێ پێكهاته نه‌توانن پێكه‌وه بژین و گومانی شه‌ڕ هه‌بێت، وا باشتره ببن به دراوسێی باش بۆ یه‌ك، ئه‌مه بڕیاری هه‌ره باشه بۆ ئه‌وه‌ی كورد سه‌ربه‌خۆ بێت. ئه‌گه‌ر من خۆیشم له باشوور بوومایه، ده‌نگم به به‌ڵێ ده‌دا بۆ ریفراندۆم.
ئایا سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چ لێكه‌وتیه‌كی له ناوچه‌كه‌دا ده‌بێت؟
سه‌ربه‌خۆبوونی كوردستان له رۆژهه‌ڵاتی ناویندا ده‌بێته هۆی سه‌قامگیری ناوچه‌كه، كوردستانی باشوور جیۆگرافیایه‌كی فره نه‌ته‌وه‌یه و ئاینه، ده‌بێت هه‌موو گه‌لانی دنیا رێز له‌م بڕیاره بگرن و به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ده‌بێت قبووڵی بكه‌ن، چونكه ئه‌مه مافی ئه‌وانه و ده‌بێت پارێزراو بێت. ئێسته باشوور توانیویه‌تی ببێت به په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ ته‌واوی پێكهاته‌كان، ئه‌مه‌ش كارتێكردنی خۆی هه‌یه تا دنیا پشتگیری بكات.
ئایا هه‌ده‌په مه‌رجێكی دیاریكراوی بۆ پشتگیری له ریفراندۆم له باشووری كوردستاندا هه‌یه؟
ئێمه پێشمه‌رج و پاشمه‌رجه‌مان بۆ ریفراندۆمی هه‌رێمی باشووری كوردستان نییه. گه‌لی كوردستان هه‌ر بڕیارێك بدات، ئێمه پشتگیری ده‌كه‌ین و خوازیارین گه‌لی باشووریش پشتگیری ئێمه بكات، چونكه كورد له هه‌ر جێیه‌كی دنیا بێت پێویستی به یه‌كتره. هه‌روه‌ها ده‌بێت كورد ناوماڵی خۆی رێك بخات، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسه نیشتمانییه‌كان، كورد پێویستی به یه‌كڕیزییه به‌تایبه‌ت له پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لانی دنیا رێز له‌م ئیراده‌یه بگرن.
رۆڵی كورد له رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی چۆن ده‌خوێننه‌وه؟
ئێسته رۆژهه‌ڵاتی ناوین به بارودۆخێكی هه‌ستیار و ناسك تێپه‌ڕ ده‌بێت و كورد بووه‌ته داینه‌مۆی رۆژهه‌ڵاتی ناوین و هه‌ندێك وڵات له بنه‌ماكانی مرۆڤ و دیموكراسی خۆیان دوور خستووه‌ته‌وه و شه‌ڕێكی مه‌زه‌وی و تایفی له ئارادایه. ئێسته سایكس پیكۆ كۆتای هاتووه و دیزاینێكی نوێ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ئارادایه، بۆ هه‌موو ئه‌م مه‌به‌ستانه ده‌بێت گه‌لی كورد سه‌ربه‌خۆ بێت و ستاتۆیه‌كی نوێ له رۆژهه‌ڵاتی ناوین بێته دێ، ئه‌ویش ستاتۆی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان له نێوان گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناویندا، هه‌موو ئه‌وانه ده‌بنه هۆی به‌دیهێنانی ئارامیی له رۆژهه‌ڵاتی ناوین، هه‌م كورد و هه‌م گه‌لانی دنیا له‌و ئاسته‌نگانه به كۆتا دێن.
له‌باره‌ی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی له باكور و هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان روو ده‌ده‌ن، چ كارتێكه‌ر و گۆڕانكارییه‌ك هه‌یه؟
ئێسته له هه‌ر چوار وڵات كه تیایاندا ئێمه و گه‌لانی تر ده‌ژین، ئه‌وان به سیاسه‌تێكی هاوبه‌ش رێك كه‌وتبوون كورد به مافی خۆی شاد نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و سیاسه‌ته رووخا، ته‌نیا توركیا تێكۆشانی كرد بۆ ئاشتی، كه‌چی توركیا پرۆسه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و بۆ حوكمی حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
وشه/ كاروان باعه‌درێ