گریگ ئیبوت حاكمی ویلایەتی تەكساسی ئەمەریكی رای گەیاند كە ئەو زیانانەی لە دەرئەنجامی زریانی هارڤی بەر ویلایەتی تەكساس كەوتووە، بە 150 تا 180 ملیار دۆلار دێتە خەمڵاندن كە ئەمەش 10 هێندە لەو بڕە خەمڵێنراوە زیاترە كە لەسەرەتای زریانەكە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوای لە كۆنگرێسی ئەمەریكا كردبوو پارەی بۆ تەرخان بكەن.
هەفتەی رابردوو دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوای لە كۆنگرێسی وڵاتەكەی كرد رەزامەندی لەسەر حەوت ملیار و 850 ملیۆن دۆلار بدات بۆ چاككردنەوەی ژێرخانی ویلایەتی تەكساس كە بەهۆی زریانی هارڤی بەری كەوتووە.
ئیبوت لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوزی هەواڵی رای گەیاند، ئەو ناوچە جیۆگرافی و دانیشتووانەی زیانیان بەهۆی زریانی هارڤی بەركەوتووە، زۆر لەوە زیاترە كە بە هۆی زریانی كاترینا لێی كەوتووە، بۆیە پێویستە بۆ قۆناغی یەكەم 120 ملیار دۆلار دابنرێت بۆ قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان و چاككردنەوە و نەهێشتنی پاشماوەی زریانەكە.
بەهۆی زریانی هارڤی زۆرینەی خانووەكان ئاو چووەتە ناویان، ئۆتۆمبێلەكان كەڵكی بەكارهێنانیان نەماوە، هێڵەكانی كارەبا هەموویان پچڕاون و زیانێكی زۆر گەورە بەر ژێرخانی ویلایەتی تەكساس و ویلایەتی لویزیانا كەوتووە كە زریانی ئەمساڵی هارڤی بە یەكێك لە پێنج گەورەترین زریان ئەژمار دەكرێت كە ئەمەریكا لە مێژووی خۆیدا بینیویەتی كە بە هۆیەوە 100 هەزار خانوو زیانیان بەركەوتووە.
ئەگەرچی چاك واتسن دامەزرێنەری ئاژانسی ئینكی ریسێرچ بۆ توێژینەوە هەفتەی رابردوو زیانەكانی زریانی هارڤی بە 78 ملیار دۆلار خەمڵاندبوو، بەڵام ئێستە دەڵێ خەمڵاندنی تەواوی زیانەكانی زریانی هارڤی لایەنی كەم ساڵێكی پێویستە تا بزانین بە دروستی چی روویداوە و زیانەكان بە چەند ئەژمار دەكرێن.
بەڵام تیمێكی شارەزای ئەڵمانی لە رووداوە سروشتییەكان رایان گەیاند كە زیانەكانی زریانی هارڤی 58 ملیار دۆلار دەبێت.
هاوكات پەیمانگەی (ئینشورنس ئینفۆرمیشن ئینستیتیوت) زانیارییەكان لەبارەی دڵنیایی دەڵێ، بەشێكی زۆر كەمی خاوەن خانووەكان لە ئەمەریكا خانووەكانیان لە كارەساتی سروشتی و رووداوەكانی بەهۆی ئاوەوە روودەدەن، دڵنیایی كردووە، رێژەكە لە 2016 ئەوانەی خانووەكانیان دڵنیایی كردووە بۆ ئەو كارەساتانە، دەگاتە 12% تا 14%.
دڵنیایی نەكردنی خانووەكان، وا دەكات خانەوادەكان پەنا ببەنە بەر دامەزراوەكانی حكوومەت، لەوانە ئاژانسی فیدڕاڵی بۆ رووداوە كتوپڕەكان (فیما) و سندووقی نیشتمانی بۆ دڵنیایی دژی لافاو (ناشیونال فلاد ئینشورنس پڕۆگرام) كە پی دەچێ بەشی زۆری تێچووی چاككردنەوەی خانووی هاووڵاتییان لە خۆی بگرێت.
گوتەبێژی سندووقی نیشتمانی بۆ دڵنیایی دژی لافاو دەڵێ، زیاتر لە 427 هەزار داواكاری هاوكارییان بەدەست گەیشتووە و زیاتر لە 117 هەزار خانوو داواكارییەكانیان پەسند كراوە و قەرەبوو دەكرێنەوە كە كۆی گشتی پارەی تێچوو بۆ قەرەبووكردنەوەیان دەگاتە 76 ملیۆن دۆلار.
هاوكات بەرنامەی دژی لافاو 51 هەزار داواكاری لە خەڵكی تەكساس بەدەست گەیشتووە و بڕیاردراوە تا 10 هەزار دۆلار بە پەلە خەرج بكرێت بۆ هاوكاریكردنیان.
ئاژانسەكانی میدیایی ئەمەریكا رەخنەی توندیان لە سندووقی دژی لافاو گرت بەهۆی بڕیاری خەرجكردنی 10 هەزار دۆلار، رایان گەیاند ئەوە سندووقێكی زۆر بێ كەڵكە و ناتوانێت هاوكاری خەڵكەكە بكات تەنانەت بۆ پاككردنەوەی ماڵەكانیان.
خەمڵاندنی زیانی زریانی هارڤی بە 180 ملیار دۆلار، لە كاتێكدایە كۆشكی سپی رایگەیاند كە داوا لە كۆنگرێسی ئەمەریكا دەكات رەزامەندی بدات لەسەر خەرجكردنی هەشت ملیار دۆلار كە ئەو بڕە پارەیەش زۆر كەمترە لەوەی حاكمی ویلایەتی تەكساس داوای دەكات كە زریانی هارڤی زۆر لەوەی زریانی كاترینا بەهێزتر بووە كە ساڵی 2005 ویلایەتی نیو ئۆرلینز و كەنداوی مەكسیكی گرتەوە و بڕی 100 ملیار دۆلاری بۆ خەرج كرا.
هاوشانی حكوومەتی ئەمەریكا، بەشێكی زۆری كەسایەتی جیاجیای ناوداری ئەمەریكی بڕیاریان داوە هاوكاری سندووقی تەكساس بكەن، دۆناڵد ترەمپ وەك كەسایەتی دوور لە پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاریداوە بە ملیۆنێك دۆلار هاوكاری سندووقەكە بكات.
جگە لە زیانە دارایی و ئابوورییەكەی زریانی هارڤی بە ویلایەتی تەكساسی گەیاند، شارەزایانی ئابووری رایان وایە بەهۆی زریانەكەوە پێدەچێت ساڵی 2017 گەشەی ئابووریی ئەمەریكا 1.7 كەم بكات.
جێی باسە زریانی هارڤی لە 19ی ئاب دەستی پێكرد لە دەریای كاریبی و پاشان لە 23ی ئاب بەهۆی بەهێزی و بوونی توندی رەشەبایەكەوە، ئاراستەكەی بۆ زریان گۆڕا و بەرەوە كەناراوەكانی ویلایەتی تەكساس بە خێرایی 209 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا و بە بەرزی چوار مەتر بەرزكردنەوەی ئاستی دەریا و بارینی باران تا 90 سانتیمەتر بۆ ناو دەریا، ئەمەش توندترین زریانە لە 10 ساڵی رابردوودا ئەمەریكای گرتبێتەوە.
زریانی هارڤی ئاستی چوارەمی تۆمار كردووە دوای زریانی چارلی لە ساڵی 2004، یەكەمین زریانیشە دوای ساڵی 1961 كە ویلایەتی تەكساس دەگرێتەوە دوای زریانی كارلا لە 1961.