تاقیكردنه‌وه‌ی ئایڵتس ناستاندارد و پڕ سووكایه‌تییه‌
نرخی تاقیكردنه‌وه‌ی له‌ كوردستان دووه‌م گرانترینی دنیایه‌


فه‌رمانگه‌ی باج له‌ رێگه‌ی "وشه‌" زانی له‌ كوردستانن

مانگانه‌ دوو تاقیكردنه‌وه‌ی "ئایڵتس" له‌ هه‌ولێر ده‌كرێت و تێیدا وه‌ك تۆمه‌تبار مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كاندیده‌كان ده‌كرێت.. سه‌رووی ٢٠٠ قوتابی له‌ هۆڵێكدا تاقیكردنه‌وه‌یان پێ ده‌كرێت و گوێ به‌ داواكانیان نادرێت. له‌ناو هۆڵه‌كه‌دا هیتفۆنه‌كان گرفتیان هه‌یه‌ و به‌گوته‌ی كاندیده‌كان جیاكاریش ده‌كرێت. نۆره‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ چوار مانگه‌ و واسته‌یش حه‌شر ده‌كات. بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی كاندید تاقیكردنه‌وه‌ دوا ده‌خرێت و كه‌سیش نییه‌ له‌سه‌ریان بێته‌ ده‌نگ.

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ كه‌ دیار نییه‌ له‌ كوێ مۆڵه‌تی كاریان وه‌رگرتووه‌، دووه‌م به‌رزترین نرخی دنیا پاره‌ له‌ كاندید وه‌رده‌گرێت و دینارێكیش باج ناده‌ن.

"بریتیش كاونسڵ" دامه‌زراوه‌یه‌كی ڕۆشنبیری و كولتووری جیهانی به‌ریتانیایه‌ و تاقیكردنه‌وه‌ی ئایڵتس ده‌كات /تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی جیهانیی زمانی ئینگلیزییه‌ و باوه‌ڕپێكراوی زانستی ئه‌و وڵاته‌یه‌ و له‌ ١٣٧ وڵاتانی دنیا ئۆفیسیان هه‌یه‌/، هه‌ولێری پایته‌خت یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ و تێیدا تاقیكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، بۆ دكتۆرا و ماسته‌ر و وانه‌ گوتنه‌وه‌ له‌ زانكۆكانی كوردستان، مه‌رجه‌ كاندید بڕوانامه‌ی ئایڵتس به‌ده‌ست بێنێت. وه‌زاره‌ت كه‌ ته‌نیا بڕوانامه‌ی ئایڵتسی ناوخۆی لا په‌سنده‌، له‌ تاقیكردنه‌وه‌ و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ له‌ پایته‌ختی كوردستان، فه‌وزایه‌كه‌ هه‌ر مه‌پرسه‌. كاندید بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هۆڵێكی سه‌رووی ٢٠٠ كورسی تاقیكردنه‌وه‌ بكات، ده‌بێت چوار مانگ له‌ دڵه‌كوته‌ و ڕاڕایی نۆره‌دا بیگوزه‌رێنێت. ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ بیر له‌ واسته‌ بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یش ڕه‌خساوه‌ و واسته‌ له‌ پێشخستنی تاقیكردنه‌وه‌ بوونی هه‌یه‌. 

كاتێكیش نۆره‌ی تاقیكردنه‌وه‌ته‌، ده‌بینی ئاپۆڕایه‌ك كاندید له‌ به‌رده‌م هۆڵه‌كه‌دا گرد بوونه‌ته‌وه‌ و زیاتر له‌ دوو سه‌عاتت به‌ فیڕۆ ده‌ڕوات تا به‌ كورسی هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌گه‌یت. له‌ ناوه‌وه‌ی هۆڵ به‌ گوته‌ی كاندیده‌كان "جیاكاری ده‌كرێت و مامه‌ڵه‌ی سه‌رپه‌رشتیاران به‌رامبه‌ریان نه‌شیاوه‌" و وه‌ڵامی داواكارییان نادرێته‌وه‌.

جیا له‌وانه‌، به‌پێی به‌ڵگه‌كانی ده‌ست "وشه‌" به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌، سه‌رپه‌رشتیاران به‌ ئاره‌زووی خۆیان تاقیكردنه‌وه‌ دوا ده‌خه‌ن و هه‌یه‌ ١٢٠كم ده‌بڕێت و له‌ به‌رده‌م هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ پێی گوتراوه‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ت دوا خراوه‌، یا هه‌یانه‌ پێشتر ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی دوا خراوه‌، كه‌چی چه‌ند سه‌عاتێك به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ بانگهێشتی تاقیكردنه‌وه‌ كراوه‌. 

كاندیده‌كان كه‌ ئه‌وه‌ به‌ شه‌ڕی ده‌روونی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، كه‌س نییه‌ له‌سه‌ریان بێته‌ ده‌نگ. ئایڵتس بڕوانامه‌یه‌كی جیهانیی ئاستی زمانی ئینگلیزییه‌ و به‌پێچه‌وانه‌ی كوردستان، له‌ وڵاتان ئه‌و گرفتانه‌ی نییه‌. ئه‌وانه‌ له‌ كاتێكدان "وشه‌" زانیویه‌تی دووه‌م به‌رزترین نرخی دنیا به‌ پاره‌ له‌ كاندید وه‌رده‌گیرێت، له‌ كاتێكدا داهاتی تاكی وڵاتانی تر چه‌ند به‌رامبه‌ری داهاتی تاكێكی كوردستانه‌.

گرفته‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ی ئایڵتس له‌ هه‌ولێر یه‌ك و دووان نین و ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ جیهانییه‌، له‌ هۆڵی هۆتێل دیده‌مانی سه‌ر شه‌قامی 60 مه‌تری مانگانه‌ دوو جار له‌ ڕۆژی شه‌موو‌دا ده‌كرێت. له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌و هوتێله‌ جمه‌ی دێ له‌ كاندید. كاتێك ده‌چیته‌ ناوه‌وه‌، ئاپۆرایه‌ك كاندید له‌ گه‌یشتن به‌ هۆڵی نهۆمی سێیه‌می تاقیكردنه‌وه‌، به‌ درێژایی ڕێڕه‌و و به‌سه‌ر پلیكانه‌كانه‌وه‌ له‌ نۆره‌دان. هه‌ر كاندیدێك چه‌ند خوله‌كی پشكنین و ڕێكاری دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ خۆی پێویسته‌ و ئه‌وان كه‌ له‌ حه‌وتی به‌یانییه‌وه‌ و هه‌یانه‌ زووتر له‌ شاره‌كانی تره‌وه‌ هاتوون و نۆره‌یان گرتووه‌، ئه‌گه‌ر به‌ دوو سه‌عاتی ته‌واو ده‌ست به‌ تاقیكردنه‌وه‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ چانسیان بووه‌. 

عامر عه‌لی كاندیدی دكتۆرا ده‌ڵێ، "له‌ حه‌وتی به‌یانییه‌وه‌ تا 09:15 خوله‌ك له‌ نۆره‌دا بووم". ئه‌و ڕۆژه‌ نزیكه‌ی ١٥٠ كاندید ئاماده‌ی تاقیكردنه‌وه‌ بوون، به‌ڵام ڕۆژ هه‌یه‌ ٣٠٠ كاندید له‌و هۆڵه‌دا تاقیكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌بێت پێنج سه‌عاتی ته‌واو نۆره‌ بگرن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ جیا له‌ نۆره‌ی ڕۆژی تاقیكردنه‌وه‌ كه‌ ئێسته‌ نزیكه‌ی چوار مانگه‌ و "وشه‌" زانیویه‌تی كه‌ ناسیاوی و خزمایه‌تی ده‌رفه‌تی نۆره‌بڕی و واسته‌ی ‌ڕه‌خساندووه‌ و ده‌كرێت.

هه‌موو ئه‌و فه‌وزایه‌ و په‌نابردنه‌ به‌ر واسته‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ئایڵتس، بۆ بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ته‌نیا ئایڵتسی ناوخۆی كوردستانی لا په‌سنده‌. ئه‌و بڕیاره‌ش به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه‌" له‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داوای وه‌زاره‌ت بۆ دڵنیایی و دروستی ئایڵتسی وڵاتانه‌وه‌ دێت له‌لایه‌ن ئه‌و دامه‌زراوه‌وه‌. كاتێك وه‌زاره‌ت داوای دڵنیایی و دروستی بڕوانامه‌ی ئایڵتسی ده‌ره‌وه‌ی كوردستانی له‌و دامه‌زراوه‌یه‌ كردووه‌، وه‌ڵامی ئه‌وان بۆ وه‌زاره‌ت ئه‌وه‌ بووه‌، "ئێمه‌ ته‌نیا بڕوانامه‌كانی ناوخۆی كوردستانتان بۆ دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌"‌. 

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌ به‌ریتانییه‌، لقی له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا هه‌یه‌ و دڵنیاكردنه‌وه‌ی بڕوانامه‌كانیان له‌ هه‌ر كوێیه‌كی دنیا بێت، كاری ئه‌وانه‌ و له‌ وڵاتانیش ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌ كوردستان.

جیا  له‌وه‌، كاره‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ی ئایڵتسی هه‌ولێر هه‌ڕه‌مه‌كی و ناڕێكه‌ و زۆرجار تاقیكردنه‌وه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆ كاندید ڕوون بكرێته‌وه‌، دوا ده‌خرێت. جیهاد ئه‌نوه‌ر مامۆستای زانكۆی ڕاپه‌ڕین، ئاماژه‌ به‌ هاوڕێكه‌ی ده‌دات كه‌ له‌ ڕانیه‌وه‌ هاتووه‌ و به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته‌، له‌ به‌رده‌م هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ پێی گوتراوه‌ تاقیكردنه‌وه‌ت دوا خراوه‌ و بڕۆ فڵانه‌ ڕۆژ‌ وه‌ره‌وه‌. 

ئه‌و ده‌ڵێ، "كاتێك قسه‌ ده‌كه‌ی گوێت لێ ناگیرێت و وه‌ڵامیشت نادرێته‌وه‌". هه‌ر ئه‌وه‌ نا، "وشه‌" له‌ به‌رده‌ستیه‌تی كه‌ ئاگاداری كاندید كراوه‌ته‌وه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی دوا خراوه‌، كه‌چی له‌و ڕۆژه‌ی ده‌بوو تاقیكردنه‌وه‌ بكات، چه‌ند سه‌عاتێك به‌ر له‌ كاتی تاقیكردنه‌وه‌، دووباره‌ پێوه‌ندی پێوه‌ ده‌كرێت كه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی دوا نه‌خراوه‌ و ده‌بێت ئاماده‌ بێت. 

له‌وانه‌ خراپتر، گرفته‌كانی تر‌ی ناو هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ن. پێشتر كه‌ هیتفۆن نه‌بوو، ده‌نگ له‌ هه‌ندێك شوێنی هۆڵه‌كه‌ به‌رز و له‌و شوێنانه‌ی دوور له‌ بڵندگۆن نزم بووه‌، ئێسته‌ كه‌ هیتفۆنیان داناوه‌، به‌گشتی كاندیده‌كان ده‌ڵێن، "هیتفۆنه‌كه‌ ته‌نیا خشه‌ خشه‌‌ و كاتێك داوای چاكردنی ده‌كه‌یت، به‌ده‌م داواكه‌ته‌وه‌ نایه‌ن، ئه‌گه‌ر بیشیه‌ن، تا بۆتی ده‌گۆڕن، چه‌ند وه‌ڵامێكت ده‌فه‌وتێت".

تاقیكردنه‌وه‌ی ئایڵتسی زمانی ئینگلیزی له‌سه‌ر ١٠ نمره‌یه‌ و به‌شێكی تایبه‌تی گوێگرتنه‌ و قوتابییان كه‌ به‌هۆی كه‌موكوڕییه‌كان نمره‌یان له‌ ده‌ست ده‌چێت، كه‌س قه‌ره‌بوویان ناكاته‌وه‌.

ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ڕه‌فتاری سه‌رپه‌رشتیاران، كاندیده‌كان به‌ نه‌شیاو و ڕه‌ق ناویان ده‌به‌ن "وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ دادگابن و سه‌رپه‌رشتیاران قازی و كاندید تاوانبار بێ، مامه‌ڵه‌مان ده‌كرێت". 

ئه‌وانه‌ له‌ كاتێكدان ئه‌و كاندیدانه‌ وه‌ك خێر و به‌خۆڕایی تاقیكردنه‌وه‌یان پێ ناكرێت، به‌ڵكو له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ر كاندیدێك ٢٦٥ دۆلاری لێ وه‌رده‌گیرێت. ئه‌و نرخه‌ به‌پێی گه‌ڕان و به‌دواداچوونی "وشه‌"، دووه‌م به‌رزترین نرخی تاقیكردنه‌وه‌ی ئایڵتسه‌ له‌ دنیادا و ته‌نیا له‌ كه‌نه‌دا كه‌متره‌. له‌ وڵاتانی تر نرخی تاقیكردنه‌وه‌ی ئایڵتس له‌ ٥٠ دۆلاره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات تا ٢٥٠ دۆلار. له‌ كاتێكدا داهاتی تاك له‌و وڵاتانه‌ چه‌ند به‌رامبه‌ری داهاتی تاكی كوردستانه‌‌. به‌ نموونه‌ نرخی تاقیكردنه‌وه‌ له‌ توركیای دراوسێ ١٥٠ دۆلاره‌ و له‌ لبنان ٢٠٠ دۆلار و له‌ ماڵتا ٢٠٥ دۆلار.

"وشه‌" له‌ به‌دواداچوونی داوای كاندیده‌كان، سه‌ردانی شوێنی تاقیكردنه‌وه‌ی ئایڵتسی كرد له‌ هه‌ولێر تا له‌ نزیكه‌وه‌ ڕاستی و دروستی كه‌موكوڕییه‌كان ببینێت. به‌ڵام دوای خۆناساندنی په‌یامنێر، وه‌ڵامی لوقمان ناوێك كه‌ خۆی وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری تاقیكردنه‌وه‌كه‌ ناساند، ته‌نیا ئه‌وه‌بوو "فه‌رموو خوا حافیزت بێت". دوای دوو سه‌عاتی ته‌واو له‌ چاوه‌ڕوانی تا كۆتاهاتنی تاقیكردنه‌وه‌‌كه‌، په‌یامنێره‌كه‌ی "وشه‌" به‌ بیانوویه‌ك خۆی به‌ هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌دا ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌موكوڕتییه‌كان به‌ چاوی خۆی ببینێت و كاتێك له‌ ژماردنی سه‌رووی ١٥٠ كورسی تاقیكردنه‌وه‌ی ناو هۆڵه‌كه‌ دابوو، دووباره‌ سه‌رپه‌رشتیار ڕسته‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ی چه‌ندباره‌ ده‌كاته‌وه‌.

"وشه‌" له‌ پاراستنی هاوسه‌نگی، هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستا و مه‌به‌ستی بوو ده‌رفه‌ت به‌و دامه‌زراوه‌ییه‌ ‌بدات تا له‌ به‌رامبه‌ر گازنده‌ی كاندیده‌كان قسه‌ی هه‌بێت، له‌ڕێی وێبسایتیانه‌وه‌ پێوه‌ندی پێوه‌ كردن، كه‌چی له‌ وێش وه‌ڵام نه‌درایه‌وه‌.

"وشه‌" هاواری كاندیدانی گه‌یانده‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، به‌ڵام به‌بیانووی هه‌ستیاریی بابه‌ته‌كه‌، مانگێك له‌ چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامدا ماینه‌وه‌، دواجار له‌سه‌ر مافی كاندیده‌كان و پرسیاره‌كانی "وشه‌"، ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ نقه‌یه‌كی لێوه‌ نه‌هات.

ئه‌و دامه‌زراوه‌‌ به‌ریتانییه‌ كه‌ ساڵانه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زه‌به‌لاح وه‌چه‌نگ ده‌خه‌ن، به‌و پێیه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ ‌گریمانه‌یی مانگانه‌ دوو تاقیكردنه‌وه‌ و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ١٥٠ قوتابی هه‌ژمار بكرێت، /زۆرجار ژماره‌ی كاندیدان دوو ئه‌وه‌نده‌ن/ ئه‌وا له‌ ساڵێكدا نزیكه‌ی ملیۆنێك دۆلار داهاتی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریشدا یه‌ك دینار باج ناده‌ن.

دكتۆر‌ كه‌مال وه‌رتی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی باجه‌كانی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ ناویان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان نییه‌ و ده‌ڵێ، "باج ناده‌ن". وه‌رتی دوای سوپاسكردنی ده‌زگه‌ی "وشه‌" بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌یان، به‌پێی یاسا و ڕێنوێنیییه‌كان، ده‌ستبه‌جێ ڕێكاره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونی ده‌ست پێ كرد.

نه‌ك هه‌ر باج ناده‌ن، به‌ڵكو به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه‌" ناویان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تۆماری كۆمپانیاكانیش نییه‌ و دیار نییه‌ بریتش كاونسڵ، له‌ كوێوه‌ مۆڵه‌تی ده‌ست به‌كاربوونی وه‌رگرتووه‌.

جیا له‌وانه‌،‌ كاندید كه‌ مه‌رجی بنه‌ڕه‌تی ده‌ستپێكردنی خوێندنیان بڕوانامه‌ی ئایڵتسه‌، ناچاری به‌ده‌ستهێنانیی ئه‌و بڕوانامه‌یه‌یان له‌ كاتێكدایه‌،‌ زانكۆكانی كوردستان هاوشێوه‌ی ئایڵتس، سه‌نته‌ری ڕاهێنانی زمانی ئینگلیزییان هه‌یه‌ بۆ په‌ره‌پێدان، كه‌چی بڕوانامه‌كانیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا خۆیه‌وه‌ ددان پێدانراو نین!.

ئێسته‌ به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، له‌ كوردستان هاوشێوه‌ی خواستی به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ئایڵتس، كه‌موكورتییه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌كه‌یش زۆره‌. كاندیدان له‌ چاوه‌ڕوانی تاقیكردنه‌وه‌ له‌ دڵه‌ڕاوكێدان و جیا له‌ مامه‌ڵه‌ی نه‌شیاوی سه‌رپه‌رشتیاران، كه‌موكورتییه‌كانی ناو هۆڵیش ڕه‌نج به‌ خه‌ساریان ده‌كات. ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌ به‌راوردی وڵاتان پاره‌یه‌كی زیاتریان لێ وه‌رده‌گیرێت و كه‌سیش نییه‌ به‌ ده‌نگیانه‌وه‌ بێت.


وشه‌/ هه‌ولێر- چواس خالید



وشە - تایبه‌ت


AM:10:02:06/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 2192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌