زۆربه‌ی خه‌ڵك كاتێك له‌باره‌ی شتێكه‌وه ده‌دوێن، ده‌ڵێن ئێمه به‌بێ هیچ كاریگه‌رییه‌ك و دادپه‌روه‌رانه قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، نامانه‌وێ هیچ لایه‌كی ته‌رازوو به‌سه‌ر ئه‌وی تردا بسه‌پێنین، به‌ڵام توێژینه‌وه‌یه‌ك ئاشكرا ده‌كات، مرۆڤ ناتوانێ له هیچ بڕیارێكیدا ته‌نیا به لۆجیك هه‌ڵسه‌نگاندن بكات و هه‌ر ده‌بێ لایه‌نداری كاریگه‌ری خۆی دروست بكات.
له توێژینه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه ده‌خاته ڕوو، هه‌میشه هۆشیاركردنه‌وه و خاڵه زه‌قه‌كان زاڵن به‌سه‌ر لایه‌نی عه‌قڵ و لۆجیكدا، چونكه مێشك ناتوانێ ئه‌و شتانه فه‌رامۆش بكات كه ده‌یورووژێنن، بۆیه مرۆڤ توانایییه‌كی زۆری هه‌یه له له‌بیرچوونه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ هۆشدارییه‌كاندا یه‌ك ناگرنه‌وه، بۆ نموونه له كاركردندا هه‌میشه مه‌یلی مرۆڤه‌كان بۆ لای جۆره كارێكه كه پێشتر ئاشنای بوون و ئه‌زموونیان له‌سه‌ری هه‌یه، ناتوانن به ئاسانی سه‌ركێشی بكه‌ن و كارێكی نوێ هه‌ڵبژێرن، بۆ ئایدۆلۆجیا و ئاینیش هه‌ر وایه، هه‌میشه مرۆڤ مه‌یلی بۆ لای ئه‌و ئاینه‌یه كه له منداڵییه‌وه بیستوویه‌تی، یان ئه‌و لایه‌نه سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی مێشكی پێی ڕاهاتووه و ناتوانێ ته‌نیا به لۆجیك بڕیار له‌سه‌ر شته‌كان بدات.
ستیڤانۆ بالمینتیری توێژه‌رێكی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌یه له زانكۆی كۆلیج له شاری له‌نده‌ن و مامۆستای چه‌ند په‌یمانگه‌یه‌كی تایبه‌تیشه، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه تیمه‌كانیان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و دره‌ئه‌نجامه‌ی هه‌میشه مرۆڤ مه‌یلی بۆ ئه‌و لایه‌یه كه كه‌مترین به‌ره‌نگاری تێدایه، چونكه مێشك هه‌میشه ڕێیه ئاسانه‌كه هه‌ڵده‌بژێرێ، له كاتێكدا له‌وانه‌ش ئه‌م ڕێیه تووشی خه‌مۆكیی داهاتووشیان بكات.
ئه‌م تیمه توێژه‌ره، به تاقیكردنه‌وه له‌سه‌ر 20 خۆبه‌خش كرد، كۆمه‌ڵێ هێما و ژماره‌یان نیشان دان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵیبژێرن، پاشان كۆمه‌ڵێكی تر له هیمایان نیشان دان، له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵكردنی هێماكانی جاری یه‌كه‌م، ده‌ركه‌وت مێشكی مرۆڤه‌كان ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م جار كه بینیبوویان، چونكه مێشكیان له‌سه‌ری ڕاهاتووه، هه‌ر ئه‌وانه‌یان هه‌ڵبژارد و هیچ یه‌كێكیان هێما نوێیه‌كانی گرووپی دووه‌میان دیاری نه‌كرد.
لێره‌دا توێژه‌ران به ئاسانی بۆیان ده‌ركه‌وت، بۆچی هه‌ندێك كه‌س ناتوانن به ئاسانی فكر و بۆچوون و ئایدۆلۆجیاكه‌یان یان هه‌ر بڕوایه‌ك كه پێشتر هه‌یان بووه بیگۆڕن، چونكه یه‌كه‌م بڕوابوون له مێشكدا ده‌چه‌سپێ و ئاسان نییه هاتنه ده‌ره‌وه‌ی.