گۆڕهەڵكەنێك دەیگێڕێتەوە، شەوێكیان ئاگەدار كرامەوە كە تەرمێكی نەناسراو هاتووە و دەبێ بینێژم، كە چووم سەری لە لاشەی جیا كرابووەوە، ناشتم بەبێ ئەوەی كەسوكاری دیار بن، ئەمە یەكێكە لەو چیرۆكانەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوویان داوە، هەندێكیان بە گولە و هەندێكیش بە كەرەستەی تر بوونەتە قوربانیی كۆمەڵێ كەیس كە هێشتا لاپەڕەكانی هەڵنەدراونەتەوە یان داخراون.
دیاردەی كوشتن لە هەموو شار و شارۆكەیەكی كوردستان، هاوشێوەی هەر شوێنێكی تری دنیا بڵاوە و زۆربەی كەیسەكان دوای لێكۆڵینەوە دەردەكەوێ كۆمەڵایەتین و بەهۆی كێشەی ناو خێزانەكان دروست بوون، بەڵام كاتێك هیچ زانیارییەك نییە نە لەسەر كوژراو و نە لەسەر بكوژەكە، دوای چەند ساڵ تەمەن، لەسەر كێلەكەی لە گۆڕستان، بە ژمارەیەكی تۆمار دەكرێ، گومانەكە بەرز دەكاتەوە لەوەی كە تەنیا كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بێت، ڕووداوە سیاسی و دۆخە شەڵەژاوییەكان بە بەڵگەی ئاماری تایبەت، ئەگەرەكانی تر بەرز دەكاتەوە.
تەقە لە بارەگا
بۆ ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە، ئاماری چوار ساڵی پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە حزبەكانی لەو پارێزگایە بارەگایان هەیە كە بە"وشە"یان گوتووە، لەو ماوەیەدا 57 جار تەقە لە بارەگای حزبەكان كراوە و زۆربەی جارەكان پاسەوان یان كەسانی لەو دەوروبەرە بوون، پێوە بوون، لە هەمووشیاندا دەزگەكانی تەناهی سەركۆنەی كردووە و ڕای گەیاندووە كە تاوانباران دەدۆزرێنەوە، بەڵام بەپێی داتاكان، كەمتر لە نیوەی ئەو جارانە، تۆمەتبارەكان ئاشكرا كراون.
سەرچاوەیەكیش لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: تەنیا بارەگاكانی ئێمە، 30 جار لە كەسانی نادیارەوە تووشی تەقە بووەتەوە.
ئامارەكان
بەپێی ئەو ئامارانەی ساڵانی 2012 تا كۆتای ساڵی 2015 كە لە سەرچاوەیەكی تەناهیی پارێزگای سلێمانی دەست "وشە" كەوتووە، لەو سێ ساڵ و هەشت مانگەدا، دەردەكەوێت كە كۆمەڵێك كەیس هەیە تا ئێستە هیچ زانیارییەك لەسەر تۆمەتبارەكانیان ئاشكرا نەكراون.
بەپێی ئامارەكان، لە ساڵی 2012دا لە كۆی 69 ڕووداوی كوشتن، تا ئێستە هیچ زانیارییەك لەسەر 16 كەیسیان ئاشكرا نەكراون و تاوانبارانیش ئاشكرا نەكراون، كەسێكیش لەلایەن پاسداری ئێرانییەوە كوژراوە و دۆسیەكەی داخراوە.
لە ساڵی 2013دا لە كۆی 58 ڕووداوی كوشتن، تاوانباران 25 كەسیان بە نادیاری ماونەتەوە و ئاشكرا نەكراون. لە ساڵی 2014دا هاوشێوەی ساڵی پێش خۆی، 56 ڕووداوی كوشتن تۆمار كراون، دۆسیەی 20 كەسیش لەمساڵەدا بەبێ ئاشكرابوونی تاوانبار ماونەتەوە. هەروەها لە ساڵی 2015 لە كۆی 65 ڕووداوی كوشتن، 14 لە بكوژەكان گیراون و هیچ زانیارییان لەبارەوە بڵاو نەكراوەتەوە.
چیرۆكی مردووشۆرەكان
مردووشۆرەكانی ئەو دەڤەرە، چیرۆكی تایبەتیان لایە لەبارەی ئەو كەسانەی كوژراون بە چەندان جۆر و خاوەنەكانیان دیار نین. یەكێك لەو مردووشۆرانە بە ناوی "ع. إ" بەشێك لە چیرۆكەكانی بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە، بەڵام لەناو هەموویان، ئەو سێ كەسەی لە یاد ناچێ كە كاتێك هێناویانن بۆ لای، سەریان بە لاشەیانەوە نەبووە، ئاماژە بەوەش دەكات، تەنیا ئەو نزیكی 40 كەسی ناشتووە كە خاوەنەكانیان دیار نەبوون و كەس نازانێ كێن. ئەوەیش ئاشكرا دەكات كە "تەرمە بێ كەسوكارەكان ئافرەتیشیان تێدا بووە، بەڵام زۆربەیان پیاو بوون".
لای خۆیەوە "ئا.ك" كە بەهەمان شێوە مردووشۆرە، دەڵێ: دەتوانم گۆڕی زیاتر لە 300 كەس جیا بكەمەوە كە كەس نازانێ كێن، تەنیا ژمارەیەك لەسەر كێلەكانیان دانراوە، هەندێكیان ئەو ژمارەیەشی لەسەر نییە.
وشە/ سلێمانی