دوا زانیاری لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووز ڕادەگەیەنێت و بەپێی زانیارییەكانیش تا كۆتایی ئەم مانگە تەواوی دامەزراوەكانی كوردستان مووچە وەردەگرن.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئەیلوول، سەرچاوەیەكی بەرپرس كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە بە "وشە"ی راگەیاند، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی تەمووز ئامادە كراوە.

زیاتر گوتی، سەرەتای هەفتەی داهاتوو خشتەی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكان و زێرەڤانی ڕادەگەیەنرێت و دواتریش خشتەیەكی فرەوانی دابەشكردنی مووچە بڵاو دەكرێتەوە.

سەرچاوەكە دڵنیایی دا كە تا كۆتای ئەم مانگە تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی تەمووز وەردەگرن و هیچ كێشەیەك لە دابەشكردنی مووچەدا نییە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێش جەژنی قوربان دابەشكردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هات.

بەهۆی تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان، ماوەی چەند ساڵێكە سیستەمی پاشەكەوتی مووچە جێبەجێ‌ دەكرێت و مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانیش لە ڕێگەی خشتەیەكەوە دابەش دەكرێت كە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی دەكاتەوە.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:08:21:06/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 33310 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌