"تەنیا پۆلیس و سوپای عێراق دەچنە ناو تەلەعفەر"

:: PM:05:20:03/11/2016 ‌

پەرلەمانتارێكی یەكێتی هێزە نیشتیمانییەكان (سونە) رای گەیاند كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە كە تەنیا سوپا و پۆلیسی عێراق بچنە ناو شارۆكەی تەلەعفەر لە كاتی ئازادكردنەوەی و هێزێكیش لە خەڵكی شارۆكەكە بۆ پاراستنی ئاسایشی لە دوای داعش پێك دێت.

عزەدین دەولە كە پەرلەمانتارێكی عێراقە لەسەر پارێزگەی نەینەوا ئەمڕۆ پێنجشەم لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاشكرای كرد كە لە كاتی چاوپێكەوتنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ وەك خەڵكی تەلەعفەر داوامان كرد تەنیا سوپای عێراق و هێزە فەرمییەكان بچنە ناو شارۆكەكە، ئەوەش بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوی پێشێلكارییەكانی لە ساڵانی رابردوو روویان داوە و سوودوەرگرتن لە خەڵكی شارەكە لە ریزی هێزە ئەمنییەكان.

بەم دواییە ململانێیەكی گەورە لەسەر ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای مووسڵ دروست بوو كە خاوەن زۆرینەیەكی دانیشتوانی توركمانی شیعە و كەمینەیەكی توركمانی سونەیە، بەتایبەیت لە نێوان هێزەكانی حەشدی شەعبی و توركیا.

دەولە زیاتر گوتی، عەبادی لە بەرامبەر داوای ئێمە رای گەیاند كە تەنیا سوپای عێراق و پۆلیسی فیدرال تەلەعفەر ئازاد دەكەنەوە و دواتر هێزێك لە خەڵكی شارۆكەكە بۆ پاراستنی ئاسایشی لە دوای داعش دادەمەزرێت.

ئاماژەی كرد، عەبادی باسی ئەوەی كرد كە هەستیارییەك هەیە لە بەرامبەر چوونی حەشدی شەعبی بۆناو تەلەعفەر و بەو بڕیارەش عەبادی بەرپرسە لەبەردەم گەلەكەی.

شارۆكەی تەلەعفەر /55 كیلۆمەتر رۆژئاوای مووسڵ/ خاوەن پێكهاتەیەكی تێكەڵە لە توركمانی شیعە و سونە، ئەو دەكەوێتە سەر رێگەی ستراتیجی نێوان مووسڵ و شاری رەقەی سووریا، بەكۆنترۆلكردنەوەی رێگەی پاڵپشتی و دەربازبوونی چەكدارانی داعش بەرەو سووریا دەگیرێت.

بەر لە پێنج رۆژ هێزەكانی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستیان بە هێرشەكانیان لە رۆژئاوای مووسڵ بەرەو شارۆكەی تەلەعفەر كرد و وەك دەڵێن تەنیا 15 كیلۆمەتریان ماوە بگەنە سەنتەری تەلەعفەر، ئەوەی توركیا بەتەواوەتی رەتی دەكاتەوە و هەڕەشەی وەرگرتنی رێوشوێنی سەربازی دەكات ئەگەر حەشدی شەعبی بچێتە ناو تەلەعفەر.

  سەرچاوە: ئاژانسی نیشتیمانی عێراق بۆ دەنگوباس


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل