دوو منداڵ لە بیرێكی ئاو خنكان

:: AM:10:14:08/09/2017 ‌
دوو منداڵی بە ڕەگەز عەرەب لە بیرێكی ئاوی سنووری شارۆكەی ئامێدی خنكان.

ئەمڕۆ هەینی هەشتی ئەیلوول، بێوار عەزیز بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، سەعات 12ی شەوی ڕابردوو دوو منداڵ كە بە رەگەز عەرەبن بە ناوەكانی (محەمەد حامد و سمێ حامد) كە تەمەنیان لە نێوان حەوت بۆ 10 ساڵی بوو لە بیرێكی ئاودا لە سنووری شارۆكەی ئامێدی خنكان.

زیاتر گوتی، ڕووداوەكە لە كۆمەڵگەی "قەدشی" سەر بە شارەدیێ سەرسەنگ 20كم/ لە ڕۆژئاوای شارۆكەی ئامێدی روویداوە كاتێك دوو منداڵی عەرەب هەوڵیانداوە یاری بە ئاوی بیرەكە بكەن.

بە گوێرەی لێدوانی ئەو بەرپرسەی بەرگری شارستانی تەرمی دوو منداڵەكە دوای پشكنین لە پزیشكی دادوەری ڕادەستی ماڵباتەكەیان كرانەوە و لێكۆڵینەوەش لە ڕووداوەكە دەستی پێ كردووە.
ئەمساڵ لە سنووری شارۆكەی ئامێدی 10 كەس خنكاون و سێ لەو كەسانەش بە ڕەگەز عەرەب بوون  كە وەك گەشتییار سەردانی ئامێدییان كردبوو.

ئامێدی / نەوزاد هلۆری






وشە - سه‌رخێڵ هاشم