ژماره‌ی ڕاستی كوژراوانی بۆڕما ئاشكرا ده‌بێ


نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرای ده‌كات، ژماره‌ی ئه‌و قوربانیانه‌ی له‌ توندوتیژییه‌كانی وڵاتی میانماڕ (بۆڕما) دروست بوون، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌ هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕی كردبێ، واته‌ زیاتر له‌ دوو هێنده‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ باسی لێوه‌ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی، یانگی لی بڕیاده‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری مرۆیی له‌ وڵاتی میانمار ڕای گه‌یاند، كوژراوان كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌زار تێپه‌ڕی كردبێت، له‌ هه‌ردوو لا بووه‌، به‌ڵام زۆرینه‌یان كوژراوانی "ڕۆهینگا" بوون، واته‌ مسوڵمانان.

ڕۆژ 25ی مانگی ڕابردوو، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ڕۆهینگا هێرشیان كرده‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی پۆلیس و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌كیان لێ كوشتن، له‌ به‌رامبه‌ردا سوپای وڵاته‌كه‌ له‌ هێرشێكی پێچه‌وانه‌ی توندا، سه‌دان كه‌سیان لێ كوشتن كه‌ به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌ بۆ هه‌زاریش ده‌ڕوا.

پێشتر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، مسوڵمانانی هه‌رێمی رۆهینگا، به‌هۆی ئه‌و خوێنڕێژی و كوشتارییه‌ی ناویان 146 هه‌زاریان وڵاتی میانمار (بۆڕما)یان به‌جێ هێشتووه‌ و به‌ره‌و به‌نگلادش ڕۆیشتوون كه‌ زۆرینه‌كه‌ی مسوڵمانن، به‌پێی ئاماره‌كان كۆی گشتی ئه‌وانه‌ی وڵاتیان جێ هێشتووه‌ له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری پێشووه‌وه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ 233 هه‌زار كه‌س، بۆیه‌ حكوومه‌تی میانمار له‌سه‌ر ئه‌و كرده‌وانه‌ تووشی ڕه‌خنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بووه‌ته‌وه‌.

جگه‌ له‌ حكوومه‌ته‌كه‌، ڕه‌خنه‌ی تایبه‌ت له‌ "ئۆنگ سان كی" سه‌ركرده‌ی ناسراوی وڵاتی میانمار گیرا كه‌ وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتییه‌، به‌ڵام هیچ داكۆكییه‌كی له‌ كوشتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ نه‌كرد كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدا ڕوو ده‌ده‌ن.

حكوومه‌تی بۆڕما، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مسوڵمانانه‌ جارێكی تر نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ وڵات، سه‌ر سنووره‌كه‌ی به‌ مین چنیوه‌ و حكوومه‌تی به‌نگلادشیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ماوه‌ی سێ ڕۆژه‌ ده‌ست به‌م كاره‌ كراوه‌ و ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن.

ڕووداوه‌كانی میانمار، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی له‌ ناو خه‌ڵكی كوردستان گه‌رم كرد و هه‌ریه‌ك به‌ شێوه‌یه‌ك به‌شداریی كه‌مپینی هاوسۆزی بۆ قوربانییانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كرد.


سه‌رچاوه‌/ سكای نیوز


وشە - كوردۆ شابان


PM:07:47:08/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 1079 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌