خەڵكی بەلێشاو فلۆریدا جێ دەهێڵن


لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ژمارەیەك وێنە بڵاو كراونەتەوە، تێیاندا هەڵاتنی گەورەی خەڵكی شارەكانی ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریكا لە ڕێی فڕۆكە و ئۆتۆمبێلەوە پێشان دەدەن، بۆ ئەوەی گیانی خۆیان ڕزگار بكەن بەر لەوەی گەردەلوولی "ئیرما" بگاتە ویلایەتەكە.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان، زیاتر لە 332 فڕۆكە لە فڕۆكەخانەكانی فلۆریداوە بە تەواوی سەرنشینەكانیانەوە لە فڕۆكەخانەكانی "مەیایم و ئۆرلاندۆ هەستاون و ناوچەكانی فلۆریدایان بەرەو باكور جێ هێشتووە، هاوكات خەڵكیش بە ئۆتۆمبێلەكانیان بە لێشاو ناوچەكانیان بەرەو باكور جێ دەهێڵن و دەیانەوێ گیانی خۆیان لە بەهێزی ئەو گەردەلوولە كارەساتبارە ڕزگار بكەن.

پێشبینی دەكرێ، گەردەلوولی ئیرما وێرانكاریی یەكجار گەورە لە ناوچەكانی دوورگەی كارینی لە ماوەی چەند سەعاتێك بێنێتە كایەوە، دوای گەیشتنی بۆ كەناراوەكان. پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هۆشداری توندی بە هەمووان دا كە پابەندی ڕاسپاردەكانی حكوومەت بن و بچنە ژێر باری یاساكانی ڕزگاركردن و بەهاناوەچوون.

بەگوێرەی داتاكانی كەشناسی، خێرایی گەردەلوولی ئیرما گەیشتووەتە 295 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا، بەو هۆیەوە سەرۆكی ئاژانسی فیدراڵی ئەمەریكا بۆ بەهاناوەچوون و حاڵەتی لەناكاو " برۆك لۆنج" ئاشكرای كرد،  ئامادەكاری زۆر گەورە و مەزن كراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەردەلوولی ئیرما و گومان لەوەدا نییە كە وێرانكاری زۆریشی لێ دەكەوێتەوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:08:58:09/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 31745 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌