قائیمقام و ئاسایشى سۆران لەبارەى دەستگیر کردنى ئه‌ندامانی داعش لە دەڤەرەکە زانیاری ده‌ده‌ن

:: PM:08:12:03/11/2016 ‌
چەند رۆژێکە دەنگۆى دەستگیر کردنى چەند ئەندامێکى داعش لە سنوورى شارۆکەى سۆران و رواندز بڵاو بۆتەوە، ئەم هەواڵە خەلکى  دەڤەرەکەى نیگەران کردوە، بەرپرسانى تەناهى دەڤەرەکە ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەنەوە.

بەپێى ئەو دەنگۆیانەى کە بڵاو بوونەتەوە، گوایە  8 ئەندامى داعش لە سۆران و 6 ئەندامى داعش لە رواندز لە نێو ئاوارەکانى سۆران و رواندز خۆیان بۆ کاری تیرۆر حەشار داوە  و لەلایەن ئاسایش دەستگیر کراون.

عەلى ئەحمەد جێگرى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى گشتى سۆران بە " وشە "ى راگەیاند"بە هەموو شێوەیەک دەنگۆى دەستگیر کردنى تیرۆرستان و لایەنگرانى داعش لە سۆران و رواندز رەت دەکەینەوە و ئەم قسەیە ئەسڵ و ئەساسی نییە".

جێگرى ئاسایشى سۆران ئاشکراشى کرد" سۆران بووەتە دەروازیەک بۆ ئەو خەڵکەى کە دەچێتە ئەوروپا و دەرەوەى وڵات، چونکە شارۆکەى سۆران سەر سنوورى وڵاتانى ئێران و تورکیایە، لەوانەیە رۆژانە خەڵکی عەرەب دەستگیر بکرێت بەهۆى ئەوەى بە قاچاغ و نایاسایی دەچنە دەرەوە بەرەو ئەوروپا، بەلام هیچیان ئەندام و لایەنگرى داعش نەبوونە و دەستگیر کردنى ئەو جۆرە کەسانە ماناى ئەوە نییە کە تیرۆرستى داعش بن ". 

کرمانج عزەت قائیمقامى شارۆکەى سۆران  بە "وشە"ى راگەیاند" چەند ڕۆژێکە دەنگۆیەک بڵاو بۆتەوە کە چەند ئەندامێکی سەر بە گروپی داعش لە سنوری سۆران و ڕواندز دەستگیر کراون، گوایە لەگەڵ ئاوارەکان لێرە خۆیان بۆ کاری تیرۆر حەشار داوە، ئاگاداری هەموو دانیشتوانی دەڤەری سۆران دەکەینەوە کە ئەو هەواڵانە ناڕاستن و هیچ ئەندامێکی داعش لەو سنورە نەگیراوە".

قائیمقامى شارۆکەى سۆران دووپاتى کردەوە"  جێگای خۆیەتی کە دەستخۆشی لە ئاسایشی سۆران بکەین کە چاوکراوەیی ئەوان لێرە ئەو پەڕی ئاسایشی بۆمان ڕێکخستووە لە کاتێکدا ئەرکی بەرەی شەریشیان لە ئەستۆ گرتووە". 

سۆران – موڕشید برادۆستى 



وشە - عه‌لی سدیق