چین و رووسنەفت گرێبەستێكی نۆ ملیار دۆلارییان واژوو كرد

:: PM:04:16:09/09/2017 ‌


 

چین گرێبەستێكی گەورەی لەگەڵ كۆمپانیای بەناوبانگی رووسیا "رووسنەفت" واژوو كرد بە قەبارەی نۆ ملیار دۆلار و ئەم رێككەوتنەی چینیش چەند مانگێك دوای ئەوە دێت كە هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە رێككەوتنێكی گەورەی واژوو كردبوو.

 

بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە، بڕیارە كۆمەڵگەی وزەی CEFC چین ١٤.٦%ی پشكەكانی رووسنەفت بە بەهای نۆ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار بكڕێتەوە و بەمەش پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان چین و رووسیاش بەهێزتر دەبن.

 

رووسیا بە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە دنیادا هەژمار دەكرێت و بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەش كە چین لەگەڵ رووسیا كردوویەتی هەموو رۆژێك رووسنەفت ٨٤٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ چین دابین دەكات و بەو پێیەش دەست پێڕاگەیشتنی چین بە سەرچاوەی وزە دەگاتە ٢٠ ملیار بەرمیل.

 

بەگوێرەی "ساحێب خەبەر" ئەم رێككەوتنە بە گەورەترین رێككەوتنی بواری نەوت و گازی چین دوای گرێبەستی نیوان تۆكسنی كەنەدی و كۆمپانیای CNOOC چینی لە ساڵی ٢٠١٣ هەژمار دەكرێت كە ئەوكات بە بڕی سەرووی ١٥ ملیار دۆلار پشكەكانی كۆمپانیا كەنەدییەكەی كڕییەوە.




وشە - سلێمان تاشان