"فلیكس شرۆدەر"، پزیشكی ئەلمانیایی نەخۆشییەكانی دڵ دەڵێت كە دەتوانرێت لە رێگەی كۆنترۆڵكردنی شێوازی ژیانەوە پارێزگاری لە تەندروستی دڵ بكرێت، بەتایبەتی لە رێگەی خواردنی خۆراكی تەندروست و وەرزشكردنی ئاساییەوە.
زیاتر گوتی، پێویستە لە سیستەمی رۆژانەی خۆراكی مرۆڤدا سەوزە و میوە بوونێكی زۆریان هەبێت و لەو ناوەشدا سیستەمی خۆراكی دەریای سپی نموونەییە بۆ تەندروستی دڵ كە پشت بە سەوزە و میوە و ماسی و رۆنی زەیتوون دەبەستێت، بەوەش لە زیادبوونی كێش و تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن و زیادبوونی كۆلیسترۆڵ دەتپارێزێت كە هۆكارین بۆ زیادبوونی هەلی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ.
هەروەها رۆیشتن بۆ ماوەی 20 خولەكی رۆژانە بۆ تەندروستی دڵ باشە و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە چلاكی و جولانەوە ئاساییەكان لە ژیانی رۆژانە زیاد بكرێت، وەك سەركەوتن بەسەر پلیكانە لە بری بەكارهێنانی مەسعەد و رۆیشتن بە پێ بۆ شوێنی كار، هاوكات وازهێنان لە جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحولی.
زیادبوونی كێش بەهۆی زۆر خواردن یان خواردنی ناتەندروست و كەمجوڵانەوە و زۆر دانیشتن لە شوێنی كاركردن هۆكارێكی سەرەكییە بۆ زیادبوونی كێشی لەشی مرۆڤ و دروستبوونی قەڵەوی و ورگ، كە ئەوانەش هۆكارن بۆ تووشبوون بەچەندان نەخۆشی درێژخایەن و مەترسیدار وەك نەخۆشییەكانی دڵ و شەكرە و بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن.