دواى ئه‌وه‌ى مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتى، له دیدارى مێرى به‌شێك له هۆى په‌كخستنى په‌رله‌مانى خسته ئه‌ستۆى سه‌رۆك و فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕاگه‌یاندراوێكى توندى ئاراسته‌ى مه‌لا به‌ختیار كرد و تیایدا چه‌ندان ده‌سته‌واژه‌ى ڕه‌قى به‌كار هێنابوو، ئه‌وه‌ش بووه جێى ناڕه‌زایى و ڕه‌خنه‌ى نووسه‌ران و چاودێرانى سیاسیى و ڕاگه‌یاندنه‌كه‌یان به زمانى شه‌ڕى ناوخۆ له قه‌ڵه‌م دا.
مه‌لا به‌ختیار له سێیه‌مین دیدارى مێریدا، ئاماژه‌ى به‌وه دا كه ئه‌گه‌ر بهاتایه سه‌رۆكى په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان شه‌وى پێش كۆبوونه‌وه‌ى 19ـى ئاب، به قسه‌ى لایه‌نه‌كانیان بكردایه و دانیشتنى په‌رله‌مانیان ئه‌نجام نه‌دایه، بارودۆخى په‌رله‌مان و كوردستان به‌و شوێنه‌ی ئێسته نه‌ده‌گه‌یشت. زیاتر گوتی "ئه‌گه‌ر به قسه‌ى هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان ناكه‌ن، فه‌رموون بڕیار بده‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ى كه په‌رله‌مانى كوردستان ساڵێكه په‌كى كه‌وتووه".
19ی ئابی 2015 په‌رله‌مانی كوردستان كۆ بووه‌وه بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر په‌سندكردنی یاسایه‌كی نوێی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه رێژه‌ی یاسایی ته‌واو نه‌كرد. پارتی ئه‌و جووڵانه‌ی به "پیلان" ناو ده‌برد و دواتر رێگه‌یان نه‌دا یوسف محه‌مه‌د بگه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر بۆ ده‌وام، وه‌زیره‌كانی گۆڕانیشی له حكوومه‌ت ده‌ركرد و رای گه‌یاند "رێككه‌وتنی دروستكردنی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ گۆڕان هه‌ڵوه‌شایه‌وه". له‌وكاته‌وه په‌رله‌مانی كوردستان نه‌یتوانیوه كۆ ببێته‌وه.
بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕاگه‌یه‌ندراوێكى توندى دژی مه‌لا به‌ختیار ده‌ركرد و تیایدا به ده‌سته‌واژه‌ى وه‌ك: "كاری گێڕت، نزا و ده‌سته نه‌زر و لاڵانهوهت، ده‌له‌سه و فیشاڵت، سۆشیال عه‌شایه‌ره‌كانی دیوهخانهكهت، قول گیراو، سیاسیی موراهیق، قوڕباقه، گۆمی لیخنی ناخت، قیڕه‌ی ناوه‌ختت، به‌ردی ژێر سمی ده‌ست و ناڵی ژێر پێت" ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ى پڕ كردبوو. له به‌رامبه‌ریشدا مه‌لا به‌ختیار ڕاگه‌یه‌ندراوێكى بڵاو كرده‌وه و بێباكى خۆى له هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه ئاشكرا كرد كه گۆڕان له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاراسته‌یان كردبوو.
به‌شێك له نووسه‌ران و چاودێرانى سیاسی ئه‌و به‌یاننامه و وه‌ڵامدانه‌وه توندانه به زمانى شه‌ڕى ناوخۆ ناو ده‌به‌ن و ئاشكراى ده‌كه‌ن شه‌ڕى ناوخۆ له هه‌ناوی هێزه كوردییه‌كاندا هێشتا ئاماده‌یى هه‌یه.
ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین نووسه‌ر و ڕووناكبیر ئاماژه‌ى به‌وه دا، لاى سه‌رجه‌م هێزه كوردییه‌كان شه‌ڕى ناوخۆ هێشتا ئاماده‌یى هه‌یه. ئه‌و به"وشه"ـى گوت "بۆ ئه‌وه‌ى هێزه‌كان بناسین، ده‌بێت چاوه‌ڕوانى بارودۆخ بكه‌ین، چونكه له بارودۆخه ئاسایییهكاندا هه‌موو هێزه‌كان ده‌ڵێی فریشته‌ن، به‌ڵام كه بارودۆخى له‌م جۆره‌ى كوردستان دروست ده‌بێت هه‌ست ده‌كه‌ین هێزه‌كان له هه‌موو كات باشتر ئاماده‌ى دژایه‌تیكردنى یه‌ك و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شه‌ڕى ناوخۆن".
باسى له‌وه‌ش كرد، شه‌ڕى ناوخۆ سه‌ره‌تا قسه بوو، ئێسته‌ش له جۆرى قسه‌كردن و ده‌ركردنى به‌یاننامه و وه‌ڵامى لایه‌نه‌كاندا ئه‌و ده‌ستپێكه هه‌ستى پێ ده‌كرێته‌وه.
لای خۆیه‌وه ڕێبوار كه‌ریم، نووسه‌ر و چاودێرى سیاسی هێماى بۆ ئه‌وه كرد، هێزه سیاسییه‌كان له ساتێك‌دا له هه‌موو بانگه‌شه‌یه‌ك پاشگه‌ز ده‌بنه‌وه كه پێشتر بانگه‌وازیان بۆ ده‌كرد. ئه‌و به"وشه"ی راگه‌یاند، "ئه‌وه‌ى گۆڕان و پارتى و یه‌كێتى و هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌رامبه‌ر یه‌ك ده‌یڵێن و ده‌یكه‌ن، ئه‌و ڕقه‌ى تێدا ده‌خوێنرێته‌وه كه ئاماده‌ن هه‌رچى له ده‌ستیان بێت بۆ سڕینه‌وه‌ى یه‌كتر ئه‌نجامى بده‌ن".
پێشى وابوو، ناكرێت هێزى سیاسیى كه باسى دیموكراسى و دادپه‌ره‌وه‌رى ده‌كات، به زمانێك قسه بكات كه پێچه‌وانه‌ى بانگه‌شه و ئه‌و به‌رنامانه بێت كه بهخڵكیان گوتووه.
ئه‌م گرژییه له كاتێكدایه، یه‌كێتى و گۆڕان له ئاایارى ئه‌مساڵدا ڕێككه‌وتنێكیان بۆ كارى پێكه‌وه‌یى ئیمزا كرد، به‌ڵام ناوه ناوه له‌ناو هه‌ردوو حزبه‌وه ده‌نگى ناڕه‌زایى به‌رز ده‌بێته‌وه و به ئاشكرا داواى كۆتاهاتنى ئه‌و ڕێككه‌وتنه ده‌كه‌ن، هاوكات وه‌ك چاودێرانى سیاسی باسى ده‌كه‌ن، وه‌ڵامدانه‌وه‌ى كادرانى گۆڕان و یه‌كێتى بۆ یه‌كتر، جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه‌كه خاوتر ده‌كاته‌وه و له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه نزیكى ده‌كاته‌وه.
هاوڕاى ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه، ئاسۆس هه‌ردى نووسه‌ر و چاودێرى سیاسیى، ئاماژه‌ى به‌وه دا، هێزه كوردییه‌كان ئه‌زموونێكیان پیشان نه‌داین بڵێین له بارودۆخ و ململانێیه‌كى سیاسیى دروستداین.
هه‌ردی بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "ده‌ركردنى به‌یاننامه و زمانى زبر و هه‌ڕه‌شه له یه‌ككردن، ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌زموونێكى تاڵ كه گه‌وره و بچووكى كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان لێى په‌شیمانه".
سلێمانى/ شاد كه‌یوان