لێدوانی بەرپرسانی مەرزی باشماخ بۆ میدیاكان قەدەغە كرا


ئەمڕۆ یەكشەم لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، زیاتر لە800 تۆن برنجی ئێكسپایەر رەوانەی ئێران كرایەوە و بەپێی بڕیارێكی نوێی مەرزەكەش بۆ لەمەودوا بەرپرسانی بەش و هۆبەكانی بۆیان نییە لێدوان بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن بدەن، "وشە" هۆكاری ئەو بڕیارە ئاشكرا دەكات.

پێشڕەو محەمەد بەرپرسی هۆبەی یەكەی پشكنینی خۆراك لە مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ لەو بارەیەوە بە"وشە"ی راگەیاند، لێدوان نادەم و داوای لێبوردن دەكەم، تەنیا ئەوەندەی گوت كە ئەو 800 تۆن برنجە كە لە ئێرانەوە لە رێگەی 32 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورە هێنرابوو بۆ مەرزی باشماخ، دوای ئەنجامدانی پشكنین دەركەوت كە لەبەر ئەوەی ئەسپێ و رشك لێی داوە و خراپ بووە، ئەوان گەڕێندرانەوە ئێران.

زیاتر گوتی، لەوە زیاتر ناتوانم لێدوان بدەم و زانیاریتر ئاشكرا بكەم، چونكە بەنووسراوی فەرمی ئاگەدار كراوینەتەوە كە هەموو بەشەكانی ناو بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ، نابێت لێدوان بدەین بۆ دەزگەكانی راگەیاندن.

لای خۆیەوە د.غالب محەمەد، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێكی تایبەتدا، بە"وشە"ی راگەیاند، هۆكاری ئەو بڕیارە كە خۆی لە قەدەغەكردنی لێدوان لەبارەی هاوردەكردنی سووتەمەنی و خۆراكی خراپ لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە رێگەی مەرزی باشماخەوە دەبینێتەوە، پێوەندی هەیە بە بەدواداچوون و دەرخستنی راستییەكان كە ماوەیەكە لەو مەرزە دەستمان پێ كردووە.

روونی كردەوە، بەداخەوە ئەو بڕیارە نوێیەی بەرپرسانی باڵای مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، دەری خست كە ئەو شتانەی گرنگ بن و پێوەست بن بەژیانی خەڵكەوە و كاریگەری خراپی هەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتییان، نایانەوێت باس بكرێن و راستییەكان بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێن، بەڵام ئێمە هەر شتێ لەبارەی هاوردەكردنی شتی خراپ لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەبێت سەرچاوەی خۆمانمان هەیە  و دەیخەینە روو بۆ راگەیاندنەكانی باس دەكەین.

بەرپرسەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بەوەش كرد كە بەو بڕیارە نوێیەی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ دەركەوت كە بەشێكی زۆری بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی، كە دەسەڵاتیان هەیە و سەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن، چەندێك بەرامبەر هاووڵاتییانی ئەم پارێزگایە غەدر دەكەن و دەبوایە ئەوان نووسراویان بكردایە بۆمان كە با راستییەكان بڵاو بكرێتەوە و ناوی كۆمپانیاكان بڵاو بكرێنەوە، بەڵام ئەوان ترسیان هەیە كە ناوی كۆمپانیاكان بڵاو بكرێنەوە، چونكە  ترسیان هەیە دواتر سومعەیان بشكێت.

شایەنی باسە، ماوەیەكە بەهۆی هاوردەكردنی چەندین هەزار لیتر بەنزینی خراپ لە ئێرانەوە بۆ مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، رەخنەی توند لەبەرپرسانی پێوەندیداری مەرزی باشماخ و سنووری پارێزگای سلێمانی دەگیرێت، كە بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی باڵای ئەو سنوورە لەپشتەوەیە، بەردەوام هاوردەكردنی خۆراك و سووتەمەنی خراپ بووەتە جێگەی هەڕەشە لەسەر ژیان و تەندروستی هاووڵاتییان.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:07:45:10/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 711 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌