كاریگەری زریانی ئیرما لەسەر دۆلار، زێڕ، كشتوكاڵ، وزە و بۆرسە

:: PM:12:17:11/09/2017 ‌

زریانی ئیرما بازاڕە دارایییەكانی ئەمەریكای خستووەتە ژێر كاریگەری خۆی و بەهای دۆلاریشی دابەزاندووە بۆ نزمترین ئاستی لەوەتەی سەرەتای ساڵی 2015ەوە، بلوومبێرگ بڵاوی كردەوە بەهای پشكەكانی بازاڕی بۆرسەی ئەمەریكا دابەزیوە و لەگەڵ نزیكبوونەوەی زریانی ئیرما لە ویلایەتی فلۆریدا ئەو دابەزینەش زیاتر بووە.

هەر بەو هۆیەوە بەهای پشكەكانی "s&p"  بە رێژەی0.21%، داوجونز 0.17% و مەكسیكیش 0.14% دابەزی. هەر رۆژی یەكەمی هۆشدارییەكەی ئەو زریانە، بەهای دۆلار 0.3% و پوزوی مەكسیكیش 0.1% دابەزی. بەڵام بەهای یۆرۆ و پاوەند و یەنی ژاپۆن لە بەرامبەر دۆلاربەدوای یەكدا 0.2%, 0.8% و 0.7% بەرزبوونەوە.

زریانی ئیرما كە مەترسی بۆ سەر لانی كەم ٢٦ ملیۆن كەس لە دانیشتووانی ئەمەریكا و ناوچەی كارائیب دروست كردووە و كاریگەرییەكانی زیاتر دەبن.

زیانەكانی ئیرما تەنیا بۆ دابەزینی دۆلار نییە، بەڵكو كاریگەریی لەسەر قەبارەی دوو ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی فلۆریدا هەیە و كاتێكیش بەرهەمی وەك تەماتە و پەتاتە و پرتەقاڵ لە بازاڕ كەم دەبنەوە، ئەوا نرخی میوەكان بەرز دەبنەوە و هەڵاوسانی ئابووری بەرز دەكاتەوە. تەنیا كەرتی باخداری لە فلۆریدا ٤٥ هەزار هەلی كاری خوڵقاندووە.

هاوکات "مێهر" بڵاوی کردەوە زریانەكە جگە لە كشتوكاڵ، كاریگەری بەرچاویشی بۆسەر بازاڕەكانی وزە هەبووە، زریانی رابردوو كە بە هاروی ناسراوبوو زۆرێك لە پاڵاوگەكانی نەوتی راگرت و لە ویلایەتی فلۆریداش زۆربەی وێستگەكانی بەنزین خەریكە بەنزینیان تەواو دەبێت، خەڵك بە ئاسانی بەنزینیان دەست ناكەوێت تا لە ئۆتۆمبێلەكانی بكەن. لە دوێنێ یەكشەمەوە ٤٩%ی سەرجەم وێستگەكانی بەنزین یان وزەی تر هیچ جۆرە سووتەمەنییەكنیان نەماوە و دەرگەكانیان داخستووە، لە میامیش رێژەكە گەیشتووەتە ٦٦%، دانیشتووانی فلۆریدا ئەگەر بەنزینیشیان دەست بكەوێت، ئەوا دەبێت گرانتر لە جاران دابینی بكەن.

بە گوێرەی "dailyfx" هەینی رابردوو نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا گەیشتە سەرووی ٥٤ دۆلار و ٧٠سەنت كە بەرزترین نرخی نەوت بوو لە ١٠٠ رۆژ پێشتردا تۆمار كرابێت. هەڵبەت هاوكێشە ئابوورییەكان لە بازاڕی نەوت زۆر جار بە قازانجی هەندێكی كەرتیش دەشكێتەوە.

 بۆ نموونە لە دنیادا بەرزبوونەوەی ئاستی داخوازی لەسەر نەوت دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، كاتێك نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە ئەگەر لە لایەك ئەمەریكا لەو رووەوە زیانی پێ بكەوێت كە بە نرخێكی گرانتر نەوت دەكڕێت، ئەوا لە لایەكی تر بۆ نەوتی جۆری لیتەیی قازانجی پێ دەگات، چونكە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هۆكارێكە بۆ گەشەی چالاكییەكانی ئەو جۆرە نەوتە لە ئەمەریكا و تەنانەت پێش ئەوەی بەهۆی زریانی ئیرما كاریگەریی بۆ سەر نرخی دۆلار دروست بێت و تووشی دابەزین بێت، قسە لەسەر ئەوە هەبوو ئەمەریكا بە پلان دەیەوێت تا رادەیەك نرخی دۆلارەكەی كەم بكاتەوە بۆ ئەوەی هەر بەو هۆیەوە خزمەتێك پێشكەش بە كەرتی نەوت لە ئەمەریكا بكات و لە بازاڕەكانی وزەی دنیا ركابەری وڵاتانی ئۆپێك بكات.

لەگەڵ دابەزینی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا لە هەمان كاتدا نرخی زێڕ لە بازاڕەكان رووی لەبەرزبوونەوە كردووە و لە چەند رۆژی رابردوودا تا هەزار و 357 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێكی هەڵكشا. هەڵبەت ئەمڕۆ دووشەم تارادەیەك نرخەكەی دابەزیوە و بە هەزار و 335 دۆلار دەفرۆشرێت.

هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێت كە زێڕ یەكێكە لەو كاڵایانەی لە كاتی تەنگژەی سیاسی، ئابووری بە هەر هۆكارێكی جیاواز روو لە بەرزبوونەوە دەكات و بازرگانان حەز دەكەن بە كڕینی زێڕ سەرمایەكانیان بپارێزن. هۆكارێكی تر ئەوەیە كاتێك نرخی دۆلار دادەبەزێت، ئەوا بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی نرخی زێڕ بەرز دەبێتەوە.

تا رادەیەكی زۆر نرخی زێڕ گرێ دراوە بە ئەنجامەكانی زریانی ئیرما، چونكە زیانەكانی ئەو زریانە راستەوخۆ كاریگەری دەخاتە سەر نرخی دۆلار، لە لایەكی تر گەشەی ئابووری بازاڕەكانی ئاسیا هۆكار بووە لەوەی داخوازی لەسەر كڕینی زێڕ لەو بازاڕانە بەرز ببێتەوە و ئەمەش شتێكی ئاسایییە كە دەبێتە هۆی بەرزبوونی نرخی زێڕ لە بازاڕەكاندا.

بە گوێرەی "تەسنیم" لێكۆڵەرەوانی ئابووری لەسەر ئەو باوەڕەدان كە تاكە لەمپەر یا هۆكارێك كە بتوانێت پێش بە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بگرێت، ئەوەیە بە شێوازێك یان بە پلانێكی نوێ نرخی دۆلار بەرز بكرێتەوە و ئەگەر ئەمە نەكرێت، ئەوا لە داهاتوویەكی نزیكدا نرخی هەر ئۆنسێك زێڕ بەرەو هەزار و ٤٠٠ دۆلار بەرز دەبێتەوە.

وشە/سلێمان تاشان



وشە - سلێمان تاشان