دووپشك و مار ژیانیان لە خەڵكی شاره‌زوور تاڵ كردووە

:: PM:12:24:11/09/2017 ‌

لە ماوەی 40 ڕۆژی ڕابردوودا، نزیكەی 100 هاووڵاتیی سنووری شارۆكەی سەیدسادق گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی گشتیی شارۆكەكە بەهۆی پێوەدانی دووپشك و مار، سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەش چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە و تەنیا كەسێكیان دۆخی تەندروستی خراپ بووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی.

حەیدەر ئەحمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی شەهید شەوكەت لە شارۆكەی سەیدسادق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سەیدسادق و ناوچەكە ڕۆژ دوای ڕۆژ پێوەدانی دووپشك بە هاووڵاتییان ڕووی لە زیادبوونە و بەگوێرەی ئامارەكانی ئێمەیش، لە 40 ڕۆژی ڕابردوو دووپشك بە 94 هاووڵاتیی سنوورەكەی داوە و سەرجەمیان هێنراونەتە نەخۆشخانەكەمان.

هەروەها گوتی، بەهۆی ئەوەی خەڵكی دەڤەرەكە زۆرتر خەریكی كشتوكاڵن و لەناو باغ و كێڵگەكاندان، بۆیە دووپشك و مار زۆر بووە و بە جووتیارانەوە دەدات، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ مانگەكانی پێشوو ژمارەكە زیاتر بووە و ڕێژەكە لە هەڵكشاندایە.

بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی گشتیی شارۆكەی سەیدسادق كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، دوو مانگ پێش ئێستە ئامارەكانی 40 ڕۆژ كۆ كرانەوە و تەنیا 70 كەس بەهۆی پێوەدانی دووپشك و مارەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكە، بەڵام لە 40 ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژەكە بە بەراورد لەگەڵ ئەوكاتە بەرزبوونەوەی زیاتری بەخۆوە بینیوە و گەیشتووەتە 94 كەس.

شارۆكەی سەیدسادق یەكێكە لە ناوچەكانی دەڤەری شارەزوور و دەكەوێتە 70 كیلۆمەتر ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، زیاتر لە 100 گوند بەسەر ئەو شارۆكەوەیە و ژمارەی دانیشتووانی بەپێی ئامارەكان 90 هەزار كەس دەبێ.

سەیدسادق/ سەلام هانەدنی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د