كێشەی پاسۆردی قوتابییانی پۆلی 12 بەردەوامە


ژمارەیەكی زۆری قوتابییانی دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەیی، كێشەی پاسۆردی زانكۆلاینیان هەیە و وەزارەتی خوێندنی باڵاش ئاگەداریان دەكاتەوە كە سەردانی قوتابخانەكانیان بكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 11ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە ئاگەدارییەكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاتووە، عەباس ئەكرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەرچووانی قۆناغی 12ی ئامادەیی ئاگادار كردووەتەوە بە مەبەستی داواكاری پێشكەشكردن لە ڕێی (زانكۆلاین) بۆ وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگە حكوومییەكان، پێوستە بۆ بەدەستهێنانی ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) سەردانی قوتابخانەكان بكەن, بە تایبەت ئەوانەی تا ئێستە بە ڕێی ئەلیكترۆنی ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕیان وەرنەگرتووەتەوە.

لە بەشێكی ئاگەدارییەكە هاتووە، بە نەگەیشتنی ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ بە بەشێك لە دەرچووان، لە ئاگەدارییەكە هاتووە هەر دەرچوویەكی قۆناغی 12ی ئامادەیی ئەگەر تا ئێستە ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕی بەدەست نەگەیشتووە، دەتوانێت لەمڕۆوە سەردانی قوتابخانەكەی خۆی بكات تا ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) وەربگرێتەوە.

لای خۆشیەوە توانا شاكر كە كاری پڕكردنەوەی فۆڕمی زانكۆلاینە لە شاری سلێمانی بۆ"وشە" دەڵێت، تەنیا سێ‌ ڕۆژ ماوە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕم، پێویستە وەزارەت وادەكە درێژ بكاتەوە، قوتابییەكی زۆر ئەو كێشەی هەیە و بەشی زۆریان دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە بكەن لە ژووری ژمارە 19.



وشە - رامیار جەواد


PM:12:32:11/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 150 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌