لەبارەی مووچە موژدە دەدرێتە هاووڵاتییان
بۆ دانیشتنەكەی پەرلەمان 80 پەرلەمانتار ئامادە دەبن

:: PM:04:10:11/09/2017 ‌
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، تا ئێستە لە كۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەم، بڕیارە 80 پەرلەمانتار ئامادە بن و ئەمڕۆش فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان كۆ بوونەوە.

ئەمڕۆ 11ی ئەیلوول، دڵشاد شەهاب ڕاوێژكاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم و ئەو حزبانەیە كە لەو ئەنجوومەنەدا بەشدارن.

زیاتر گوتی، كاراكردنەوەی پەرلەمان لەسەر بنەمای ئەو ڕێككەوتنەیە كە لە نێوان پارتی و یەكێتی ئەنجام دراوە و ئێستە ئومێد هەیە كە حزبەكانی تریش تا ئێستە لە دەرەوەی ئەو ڕێككەوتنەن، بەشداری لە كاراكردنەوەكە بكەن.

ڕوونی كردەوە كە تا ئێستە زیاتر لە 80 پەرلەمانتار لە كۆبوونەوەكەی ڕۆژی پێنجشەم ئامادە دەبن.

دڵشاد شەهاب لە لێدوانەكەیدا موژدەی دایە خەڵكی هەرێمی كوردستان و ڕای گەیاند، ئومێدێك بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی دارایی كوردستان هەیە و سەرەتاكانی باشتربوونی دۆخی دارایی ئێستە دەركەوتووە.

لێدوانەكەی دڵشاد شەهاب دوابەدوای كۆبوونەوەیەكی نێوان فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی هات.

دوێنی پارتی و یەكێتی كۆ بوونەوە و بڕیار درا ڕۆژی پێنجشەم كە 14ی ئەیلوول دەكات، پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و پێش ئەو وادەیەش كۆبوونەوەی لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ بكرێت بۆ ئەوەی بێنە نێو ڕێككەوتنەكە.

پارتی مەرجەكانی لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان لا برد، بەڵام تا ئێستە گۆڕان نەهاتووەتە پێش بۆ پرۆسەكە و بەگوێرەی لێدوانی چاودێرانی سیاسیش، ئەوەی گۆڕان دەیكات جگە لە بیانوو و كات كوشتن چیتر نییە.

 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم