رۆسنەفت نوێنەرایەتی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا دەكات
گرێبەستی لەگەڵ كوردستان ئاماژەی گرنگیدانی مۆسكۆیە بە هەولێر

:: PM:04:45:11/09/2017 ‌


لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، هەریەك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای رۆسنەفتی رووسیا كۆمەڵێك گرێبەستی هاوكاری، وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان و گەڕان بەدوای نەوت و گازیان واژوو كرد. رۆسنەفت هەروەها توانای هەناردەی هەرێمی كوردستان لە رووی توانای گواستنەوەی هێڵی نەوتەوە لە ٧٠٠ هەزار بەرمیلەوە بەرەو یەك ملیۆن بەرمیل بەرز بكاتەوە، هەڵبەت هیچ كاتێكی دیاریكراو بۆ ئەو پڕۆژەیە دەستنیشان نەكراوە.

 

لە سەرەتای ئەمساڵیش هەمان كۆمپانیا لەسەر كڕینی نەوتی هەرێمی كوردستان تا ساڵی ٢٠١٩ بەرێككەوتن گەیشتبوون. هەرێمی كوردستان نەوتی پێویست بۆ پاڵاوگەكانی سەر بە كۆمپانیاكە لە ئەڵمانیا دابین دەكات و تەنانەت یەك ملیار دۆلار وەك پێشەكی لە بری ئەو رێككەوتنە بە هەرێمی كوردستان دەدات.

 

بەگوێرەی ماڵپەڕی oilprice ئەم رێككەوتنە بە قازانجی هەر دوولایەنە. لە لایەك كۆمپانیای رۆسنەفت سەرچاوەی پێویستی نەوت بۆ پاڵاوگەكانی دابین دەكات و لە لایەكی تر هەرێمی كوردستان لە جۆرێك تەنگژەی داراییدایە و پێویستی بە پارە هەیە تا خۆی لەو تەنگژەیە رزگار بكات. هاوكات ئەگەر بۆ هەرێمی كوردستان جۆرێك وەرگرتنی مەشرووعیەت بێت وەك هەرێمێكی خاوەن پێگە، ئەوا بۆ رووسیاش بە واتای هەژموونی زیاتری لە ناوچەكە دێت.

 

رۆسنەت بە یاریزانێكی گرنگی وزە لە دنیادا هەژمار دەكرێت و كەرتی پیشەسازی وزەی رووسیاش بەشێكی گرنگ لە چەرخی ئابووری ئەو وڵاتە هەڵدەسووڕێنێت، لە هەمان كاتدا حكوومەتی روسیا لەو كەرتەدا رۆڵێكی باڵای هەیە و بەشێكی بەرچاو لە پشكەكانی رۆسنەفتیش هی حكوومەتی رووسیایە، بۆیە جگە لە چالاكی ئابووری، رووسیا لە كۆمپانیا پێوەندیدارەكان بۆ مەبەستی سیاسیش سوود وەردەگرێت و ئەو جەنگە ئابوورییەی رووسیا لە ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی ئۆكراین، بێلارووس و مۆلداڤی رێك خست، نموونەیەكی ئەم راستییەیە.

 

رۆسنەفت بە گەورەترین كۆمپانیای بواری وزەی رووسیا هەژمار دەكرێت. ئەو كۆمپانیا گەورەیە كە زۆربەی پشكەكانی هی حكوومەتە، لەلایەن یەكێك لە كەسایەتییە گرینگ و بەهێزە ئابوورییەكانی رووسیا بەڕێوە دەبرێت كە هاوپەیمان و دۆستی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیایە.

 

بەو پێیە ئەو كۆمپانیایە دەتوانێت هۆكار یان ئامرازێكی گرنگ و باوەڕپێكراو بێت كە كێریملین دەتوانێت بۆ مەبەستی سیاسیش چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات سوودی لێ وەربگرێت.

 

حكوومەتی رووسیا لە كۆمپانیای رۆسنەفت بۆ پەرەپێدانی چالاكی سیاسی نێودەوڵەتی سوودی وەرگرتووە، بۆ نموونە دوای ئەو كێشانەی لە ئۆكراین رووی دا، رۆژئاوا سزای قورسی بەسەر رووسیادا سەپاند، بەڵام رووسیا بۆ ئەوەی رۆڵی نێودەوڵەتی خۆی كەم نەكاتەوە لە رێی كۆمپانیای رۆسنەفتەوە بەرەو بازاڕەكانی ئاسیا سووڕا و لەگەڵ كۆمپانیاكانی چینیش گرێبەستی واژوو كرد و كاركردن لەگەڵ دەوڵەتە بەهێزەكانی ئاسیای خستە یەكەمایەتیی كارەكانی خۆی.

 

ئەو رێككەوتنەی كە رووسیا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژووی كردووە، لەگەڵ سێ كەسی گرنگ لەو دەسەڵاتە بووە كە یەكەمیان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و برازای سەرۆكی هەرێمی كورستان، یەكێكی تریش قوباد تاڵەبانییە كە جێگری سەرۆك وەزیران و كوڕی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق و سێیەمیش ئاشتی هەورامییە كە وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.

 

 رۆسنەفت تاكە كۆمپانیا نییە كە لەگەڵ هەرێمی كورستان كار دەكات، بەڵكو كۆمپانیای گازپرۆمیش هەر لە ساڵی ٢٠١٢ەوە دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئێستە لە سێ كێڵگەی گەرمیان و شاكەل و هەڵەبجە چالاكی هەیە. ئەو كۆمپانیایە مافی پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی بەدرە لە رۆژهەڵاتی عێراقیشی هەیە كە لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندی عێراقدایە.

 

هەریەك لە كۆمپانیاكانی گازپرۆم و رۆسنەفت باش ئاگادارن كە هەرێمی كوردستان لە رووی سامانی نەوت و گاز دەوڵەمەندە و ئەوە خەمڵێنراوە كە  ئەو هەرێمە خاوەنی ٤٥ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ بێت.

 

ئەوەی لێرەدا جێی بایەخە، ئەوەیە هەرێمی كوردستان دوای تێپەڕاندنی ئەو تەنگژەیە، یەكەم كڕیار كە لەگەڵی رێككەوتن دەكات رۆسنەفتە و ئەمەش نیشانی دەدات كە ئەو هەرێمە بەرەو سەقامگیری زیاتر دەڕوات و دەیەوێت زیاتر خۆی بۆ دنیا بسەلمێنێت.

 

هەروەها دەردەكەوێت رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكە لە راستیدا وەك رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی رووسیا دێتە هەژمار، بەهێزبوونی پێوەندی ئابووری ئەو دوو حكوومەتەش بە واتای بەهێزبوونی پێوەندییە سیاسییەكانیان دێت و ئەگەر هەرێمی كوردستان هەرێمێكی لاواز بووایە، هەرگیز رووسیا رێككەوتنی لەم شێوەیەی لەگەڵدا واژوو نەدەكرد.

 


 

 



وشە - سلێمان تاشان