سەرەتای ئەمسال رێژەی گەشەی ئابووری ئەمساڵی توركیا بە ٣% پێشبینی كرابوو، بەڵام نوێترین راپۆرت ئەوە پێشان دەدات كە پێنوێنی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی توركیا لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵ بەراورد بە سێ مانگی دووەمی ساڵی رابردوو، بە رێژەی سەرووی ٥% گەشەی كردووە.
بەگوێرەی ئامارەكەی ناوەندی فەرمیی ئاماری توركیا، داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی بەراورد بە ساڵی رابردوو، ١٦.٣% زیادی كردووە و گەیشتووەتە ٧٣٤ ملیار و ٢١١ ملیۆن لیرە كە بە دۆلار دەكاتە ٢١٥ ملیار و ٣١١ ملیۆن دۆلار.
هاوكات باسی لەوە كردووە كە لە كەرتی چالاكییە بازرگانییەكان، گواستنەوە و گەشتوگوزاریش رێژەكە گەشەی سەندووە، بڕی هەناردە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری هەر لەو ماوەیەدا ١٠،٥% زیادی كردووە و ئاستی هاوردەش ٢.٣% بەرز بووەتەوە.
ناوەندەكە رێژەی گەشەی ئابووری لە ساڵی رابردووی بە ٢.٣% راگەیاندبوو و باسی لەوەش كردبوو بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ساڵانەی تاك لەو وڵاتە لە ساڵی رابردوودا، ١٠ هەزار و ٨٨٣ دۆلار بووە و بەو پێیەش پێشبینی كراوە ئەمساڵ بە پێشبینی گەشەی سەرووی ٥% ئەمەش زیاد بكات.