سەرمایەدارانی كوێت لە كوردستان وەربەرهێنان دەكەن

:: PM:07:49:11/09/2017 ‌
كونسوڵی گشتیی كوێت ڕای گەیاندن سەرمایەدارانی كوێتی هان دەدەن سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و سەرمایەگوزاری تێدا بكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 11ی ئەیلوول، بە پێی هەواڵێكی ماڵپەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەك لە نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و د.عومەر ئەلكەندەری كونسوڵی گشتیی كوێت لە هەرێمی كوردستان بەرێوەچووە.

بەپێی هەواڵەكە، ئەلكەندەری دووپاتی لەسەر پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و كوێت كردووەتەوە و ڕای گەیاندووە، لە گەیاندنی كۆمەكەكانیان بۆ ئاوارەكان بەردەوام دەبن و هەوڵدەدەن هاوكاری كوردستان بكەن.

كونسوڵی گشتیی كوێت رای گەیاندووە، سەرمایەدارانی كوێتی هان دەدەن سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن تا لە نزیكەوە ئاشنای هەرێمی كوردستان ببن و لە داهاتوودا سەرمایەگوزاری تێدا بكەن.

هاوكات سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە، پێشوازی لە هەموو هەوڵێك دەكات بۆ ئەوەی سەرمایەدارانی كوێت لە هەرێمی كوردستان سەرمایەگوزاری بكەن و لەمبارەیەوە هەموو ئاسانكارییەكیان پێشكەش دەكرێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان تاوتوێ‌ كراوە و پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش گفتوگۆی لەسەر كراوە.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم