گرانترین گرێبەستەكانی تۆپی پێ لە 2017

:: AM:09:51:12/09/2017 ‌

چەند رۆژێك پێش ئێستا بەفەرمی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزان لەسەرجەم خولەكانی ئەوروپا كۆتاییان هات و دوایین خولیش توركیا و كڕواتیا بوو كە 4 رۆژی پێش ئێستا كۆتاییان بە ماوەی گواستنەوەی یانەكانیان هێنا.

لەم هاوینەدا گرێبەستی گەورە لەنێوان یانە و یاریزانان ئەنجامدرا و بەشێوەیەك لە مێژووی تۆپی پێدا هاوتای نەبووە، گەورەترین گرێبەستیش لەنێوان یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی و نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی بوو كە نرخەكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو.

بەشێكی زۆری دەزگاكانی راگەیاندن وایان بڵاو كردبووەوە كە دوای گرێبەستە مێژووییەكەی نیمار، گرێبەستەكەی كیلیان مباپێ لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان دووەم گرێبەست بووە لە مێژووی تۆپی پێدا، بەڵام راستییەكەی بەمشێوەیە نییە بەهۆی ئەوەی ئەو ئەستێرەی پێشووی مۆناكۆ بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە یانە فڕەنسییەكە كردووە.

واتە تا وەرزی داهاتوو كە یانەی پاریس سان جێرمان بە 180 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ ئیمزا دەكات، گرێبەستەكەی عوسمان دێمبێلێ لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بە دووەم گرانترین گرێبەست دادەنرێ.

 لێرەدا بۆ خوێنەرانی (وشە) 5 لە گرانترین گرێبەستەكانی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵ دەخەینەڕوو:-

1-    نیمار دا سیلڤا / لە یانەی بەرشەلۆنە چووە ریزی یانەی پاریس سان جێرمان دوای ئەوەی یانەكەی دوایی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی خەرج كرد كە 222 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەمەش ئەو ئەستێرەیەی بەڕازیل بە گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا دادەنرێ.

2-    عوسمان دیمبێلێ / ئەستێرەی لاوی فڕەنسی لە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بەبەهای 105 ملیۆن یۆرۆ هاتە ریزی یانەی بەرشەلۆنەوە.

3-    رۆمیلۆ لۆكاكۆ / ئەو هێرشبەرە بەلجیكییە بە بەهای 85 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ئێڤەرتۆن پەیوەندی بە یانەی مانچستەر یونایتدەوە كرد.

4-    ئەلڤارۆ مۆراتا / ئەو هێرشبەرەی پێشووی یۆڤانتۆس و ریال مەدرید، بەبەهای 65 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی چێڵسی ئینگلیزییەوە كرد.

5-    بنیامین مێندی / ئەو یاریزانە بەبەهای 57.5 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی مۆناكۆی فڕەنسییەوە پەیوەندی بە یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزییەوە كرد، بەمەش ئەو یاریزانە بووە گرانترین بەرگریكار لە مێژووی تۆپی پێدا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م