لە كەركووك سێ‌ تیرۆریست گیران

:: AM:10:14:12/09/2017 ‌

لە كەركووك سێ‌ تیرۆریستی داواكراو گیران كە پێشتر بڕیاری گرتنیان هەبوو و خەڵكی شارۆكەی حەویجەن.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكە و شاردێیەكانی كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی رابردوو لە لایەن هێزەكانمانەوە لە ناو شاری كەركووك، سێ چەكداری داعش گیران كە پێشر بە پێی مادەی چواری تیرۆر داواكرابوون بۆ گرتن و لێكۆڵینەوە. 

بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكە و شاردێیەكانی كەركووك دەڵێت، ئەو چەكدارانە لە حەویجەوە هاتوونەتە كەركووك و سەر بە داعش بوونە بۆ كاری تیرۆر هاتوون.

شێرزاد كاكەوەیس ئەفسەری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە باشووری ڕۆژئاوایی شاری كەركووك لە دواین سەنگەرەكانی پێشمەرگە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو چەكدارانی داعش لە نزیك سەنگەرەكان جمجۆڵیان هەبوو، دوای ئاگەداربوونیان لە ئامادەیی ئێمە كشانەوە.

ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە دەڵێت، چەكدارەكان خۆكوژیان لەگەڵ بوو، دوای دووركەوتنەوەیان لە نزیك شوێنی خۆیان دەنگی تەقینەوەیەك هات و پێ دەچێت چەكداری خۆیان بێت خۆی تەقاندبێتەوە.

شاری كەركووك لە ساڵی 2003 لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ڕزگار كرا، لە ساڵی 2014 جارێكی تر هێزەكانی عێراق ئەو سنوورەیان جێ هێشت، ماوەی سێ‌ ساڵە ئارامی و كەمبوونەوەی كردەوو تیرۆریستییەكان لە شارەكە نەماوە بەهۆی هاتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ شاری كەركووك.



وشە - رامیار جەواد