پێدانی پاسپۆرت دەستی پێ‌ كردەوە

:: AM:10:51:12/09/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی ئاشكرای دەكات، لە ئەمڕۆوە دەرهێنانی پاسپۆرت دەست پێ دەكاتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانیان بكەن بۆ مامەڵەی پاسپۆرتی نوێ‌.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە راگەیەنراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی هاتووە، لە ئەمڕۆوە دەست بە دەرهێنانی پاسپۆرت دەكرێت و كار بە سیستمی نوێ دەكرێت.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئاگەداری هاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری دەكاتەوە لە رۆژی 2017/9/12 كار بەسیستەمی نوێی پێدانی پاسپۆرت دەكرێت لە پاسپۆرتی سلێمانی، هەروەها هاووڵاتییان دەتوانن لە ئەمڕۆوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بكەن، بە مەبەستی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرتەكانیان.

نزیكەی 35 ڕۆژە پێدانی پاسپۆرت لە هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ڕاگیراوە، ئەمەش بە بیانووی نوێكردنەوەی سیستەمی پێدانی پاسپۆرت و شێوازێكی نوێی پاسپۆرت بۆ هاووڵاتییان بۆ ئەوەی كاری ساختەی تێدا نەكرێت.

پاسپۆرتی عێراقی ئێستە لاپەڕەی پێناسی كەسی چەندان جار لەلایەن فڕۆكەخانەكانی دنیاوە ئاشكرا كراوە كە ساختە كراوە و چەندان كەسیش گیراون، بۆیە حكوومەتی عێراق بڕیاری جێبەجێكردنی سیستەمی XD ـی دا لە پاسپۆرتی نوێ‌ كە ساختە نەكرێت.



وشە - رامیار جەواد