مۆراتا سەرۆكی ریال مەدریدی لە مەترسییەكی گەورە ئاگادار كردبووەوە
ئەلڤارۆ مۆراتای هێرشبەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەر لەوەی پەیوەندی بە یانەی چێڵسی ئینگلیزییەوە بكات، هۆشداری دابووە سەرۆكی یانەكەی لە شكستەكانی ئەم وەرزەدا.
یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی ئیسپانیا و ئەوروپا، لە سێ یاریی وەرزی نوێی خولی ئیسپانیادا 2 یاریی بەرامبەر یانەكانی ڤالێنسیا و لیڤانتی یەكسان كردووە و ئێستاش جیاوازی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری 4 خاڵە و بە 5 خاڵ لە ریزی شەشەمی یانەكان دێت.
رۆژنامەی (دەیلی ستار)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: مۆراتا بەر لەوەی بچێتە یانەی چێڵسی، لەگەڵ فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید دانیشتبوو و هۆشداری پێدابوو لە دابەزینی ئاست و ئەنجامی خراپی یانەكە لە وەرزی نوێدا.
رۆژنامەكە هەروەها بڵاوی كردەوە: مۆراتا زانیبووی بە رۆیشتنی كاریگەری خراپ لەسەر یانەی ریال مەدرید جێدێڵێ بەتایبەتیش لە هێڵی هێرشبەردا و هەموو ئەم قسانەشی بە پێرێز گوتبوو، بەڵام دواجار یانەكەشی جێهێشت و چووە خولی نایابی ئینگلیزییەوە.
یانەی شاهانە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا دوو هێرشبەری مۆراتا و ماریانۆ دیازی فرۆشتبوو، لەبەرامبەریشدا هیچ هێرشبەرێكی تری نەهێنابووە یانەكەوە، ئێستاش بەهۆی پێكانی بەنزیما و دابەزینی ئاستی گاریس بێڵ و سزای كریستیانۆ رۆناڵدۆوە، لە هێڵی هێرشبەردا تووشی كێشەیەكی گەورە بووەتەوە.
جێی باسە رۆژنامەكە دوێنێ دووشەم بڵاوی كردبووەوە كە زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید داوای لە سەرۆكی یانەكەی كردووە بە پەلە هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ هێرشبەرێكی نوێ بدەن تا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا كێشەكانی ئەم هێڵەیان بۆ چارەسەر بكات.
وشە -
ئامانج ئهكرهم