رۆناڵدۆ بۆ دادگای ئیسپانیا: دەمەوێ بگەڕێمەوە ئینگلتەڕا

:: AM:11:21:12/09/2017 ‌

بەشێوەیەكی بەربڵاو لەسەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كورتە ڤیدیۆیەكی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدرید لەنێو دادگای ئیسپانیا بڵاو كرایەوە.

دادگاكە مانگی رابردوو لە شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیا ئەنجامدراوە سەبارەت بەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی رۆناڵدۆ كراون لە كەیسی خۆدزینەوە لەدانی باج بە دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا كە بەهاكەی 14.7 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

لە ڤیدیۆیەكەدا دەردەكەوێت رۆناڵدۆ راستەوخۆ داوا لە دادوەر دەكات رێگەی پێ بدەن بگەڕێتەوە ئینگلتەڕا و بەیەكجاری لە ئیسپانیا دوور بكەوێتەوە.

رۆناڵدۆ بە دادوەرەكە دەڵێت: پێشتر كاتێك لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد یارییم دەكرد، هیچ كێشەیەكی داراییم بۆ دروست نەكراوە، بۆیە دەمەوێ جارێكی تر بگەڕێمەوە ئینگلتەڕا.

هەروەها دەڵێت: من هیچ شتێك لەبارەی سیستەمی باجی ئیسپانیا نازانم و تەنیا بۆ یاریی تۆپی پێ هاتوومە ئەم وڵاتە، بۆیە سەرجەم كارەكانی دادگاكە بۆ راوێژكارەكانم جێدێڵم.

جێی باسە رۆناڵدۆ لە كاتی پشووی هاوینەی رابردوودا رایگەیاندبوو كێشەكانی لەگەڵ دادگای ئیسپانیا بێزاری كردووە و لەبەر ئەمە جارێكی تر ناگەڕێتەوە ئیسپانیا و دەیەوێ بگەڕێتەوە خولی ئینگلتەڕا، بەڵام دواجار لە بڕیارەكەی پەشیمان بووەوە و پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە كرد.

ڤیدیۆ.. چەند دیمەنێک لە دانیشتنی دادگاکەی رۆناڵدۆ





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م