ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بڕیاری داوە ، گەورەترین ناوەندی دروستكردنی دەست و پێی دەستكرد لە شاری هەولێر بكاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 12ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە ڕاگەیەنراوێكی پارێزگای هەولێر هاتووە، نووح لیلان سەرۆكی ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لەگەڵ نەوزاد هادی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەیەكی ئەنجام دا و بڕیار درا پڕۆژەی ناوەندی دروستكردنی دەست و پێی دەستكرد لە هەولێر كە دوای تەواوبوونی، بە گەورەترین ناوەند دادەنرێت لە عێراق بۆ خزمەتكردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەست پێ بكرێت.
لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، پڕۆژەكە بە بڕی 11ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەستبەكار دەبێت، هەردوولا بە پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیجییان وەسف كرد كە خزمەتی زۆری خاوەن پێداویستی تایبەت دەكات، لە دروستكردنی دەست و پێی دەستكرد.
ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی ڕێكخراوێكی قازانج نەویستە، ماوەی سێ ساڵە لە هەرێمی كوردستان هاوكاری زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە كوردستان دەكات بەهاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە پارێزگای هەولێر لە رێی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە هەموو خزمەتگوزارییەكی پەروەردە و تەندروستی و خواردنیان بۆ دابین دەكات.