ریال مەدرید بەنزیما دەفرۆشێ و دوو ئەستێرەی دەرەجە یەكیش دەكڕێ

:: PM:01:37:12/09/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەنیازە لە هاوینی داهاتوودا كەریم بەنزیمای هێرشبەری فڕەنسی بفرۆشێ و لە شوێنی ئەویش گرێبەست لەگەڵ دوو ئەستێرەی دەرەجە یەك ئیمزا بكات.

رۆژنامەی (دەیلی ستار) ئەمڕۆ سێشەم بڵاوی كردەوە: فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە لە ئێستاوە كار لەسەر فرۆشتنی بەنزیما بكات تا بە پارەكەی لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستی تر ئەنجام بدات.

پێرێز دەیەوێ بەو پارەیەی لە فرۆشتنی بەنزیما دەستی دەكەوێ لەگەڵ هەندێكی تر دوو گرێبەستی دەرەجە یەك ئیمزا بكات ئەوانیش پێكهاتوون لە ئەنتوان گریزمانی هێرشبەری فڕەنسی لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی و پاولۆ دیبالای ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی.

سەرۆكی ریال مەدرید دەیەوێ لە هاوینی داهاتوو بەنزیما بفرۆشێ بە یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی كە ماوەیەكی زۆرە راهێنەرەكەی ئارسین ڤینگەر داوای دەكات.

چاوەڕوان دەكرێ یانەی شاهانە بۆ كڕینی هەردوو ئەستێرە پێویستی بە زیاتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ بێت، هەروەها لە فرۆشتنی بەنزیماش زیاتر لە 50 ملیۆن یۆرۆی دەست كەوێ.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید لە یارییەكانی سەرەتای وەرزی نوێی خولی پلە یەكی ئیسپانیا تووشی كێشەی هێڵی هێرشبەر بووەتەوە بەهۆی پێكان و دابەزینی ئاستی هەردوو هێرشبەر بەنزیما و گاریس بێڵی وێڵزی و رۆیشتنی ئەلڤارۆ مۆراتا بۆ یانەی چێڵسی ئینگلیزی، بۆ ئەمەش زێنەدین زێدانی راهێنەر داوای لە سەرۆكی یانەكەی كردووە بە پەلە هەوڵی هێنانی هێرشبەرێكی نوێ بدەن.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م