هونەرمەندانی چوار پارچەی كوردستان كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی ساز دەكەن

:: PM:02:27:12/09/2017 ‌
كەرنەڤاڵی پشتگیری ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەردەوامە و بڕیاری شەمووی داهاتوو كەرنەڤاڵێكی گەورە بە بەشداری هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی كوردستان لە هەولێر ساز بكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 12ی ئەیلوول، بەپێی ئاگەدارییەكی ئامادەكارانی كەرنەڤاڵەكە، رۆژی شەمووی داهاتوو، 16ی ئەیلوول/ سێپتێمبەری 2017 لە هەولێر بە بەشداری هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی كوردستان، كەرنەڤاڵێكی گەورە بۆ پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

بەپێی ئاگەدارییەكە، كەرنەڤاڵەكە لە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری لە سەعات پێنجی ئێوارە بەڕێوە دەچێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان كۆ ببنەوە و كارەكانی بانگەشەی ڕیفراندۆم ڕێك بخەن.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژی پێنجی ئەیلوول/سێتپێمبەری وەك سەرەتای وادەی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان تا ڕۆژی 22ی ئەیلوول/سێپتێمبەر دیاری كرد، ئێستەش لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان و كوردان لە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی كوردستان كردووە و پرۆسەكە بەردەوامی هەیە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم