كارەكانی ڕاگەیاندنی بانگەشەی ڕیفراندۆم ڕێك دەخرێت

:: PM:02:39:12/09/2017 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە و كارەكانی بانگەشەی ڕاگەیاندن بۆ ڕیفراندۆم ڕێك بخات.

ئەمڕۆ سێشەم 12ی ئەیلوول، عیماد رەفعەت ئەندامی لیژنەی ڕاگەیاندن لە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بە مەبەستی ڕێكخستنی كارەكانی ڕاگەیاندن بۆ بانگەشەی ڕیفراندۆم، لیژنەكە كۆ دەبێتەوە.

زیاتر گوتی، مەبەست لە كۆبوونەوەكە بڕیاردانە لەسەر چۆنیەتیی ئەنجامدانی بانگەشەی ڕیفراندۆم كە ئایا هەموو حزبەكان پێكەوە بن یان بەجیا هەر كەسە دەست پێ بكات.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژی پێنجی ئەیلوول/سێتپێمبەری وەك سەرەتای وادەی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان تا ڕۆژی 22ی ئەیلوول/سێپتێمبەر دیاری كرد، ئێستەش لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان و كوردان لە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی كوردستان كردووە و پرۆسەكە بەردەوامی هەیە.

 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم