شاعیرێكی ناسراوی كورد لەسەر كچێك لە سلێمانی دەگیرێ

:: PM:03:56:12/09/2017 ‌

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، "د ، ق" شاعیری ناسراوی كورد بەهۆی بوونی پێوەندی سۆزداری لەگەڵ كچێك لە شاری سلێمانی، لەلایەن پۆلیس و گیراوە و ماوەیەك لە گرتووخانە ماوەتەوە، بەڵام ئێستە بەدەستەبەری "كەفالەت" ئازاد كراوە. "د ، ق" خۆیشی گرتنەكەی پشتڕاست دەكاتەوە. بەڵام پۆلیس دەیشارێتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سلێمانی, بە"وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی بوونی پێوەندی سۆزداری لەگەڵ كچێك لە سلێمانی و دواتر ئاشكرابوونی پێكەوەبوونی ئەو شاعیرە و كچەكە، بابەتەكە گەیشتووەتە لای پۆلیس و بەهۆیەوە لە رۆژانی رابردوو شاعیرەكە گیراوە لە بنكەی پۆلیس و فایلەكەیان رەوانەی دادگا كراوە, بەڵام تا دادوەر بڕیار دەدات، شاعیر بە دەستەبەری ئازاد كراوە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە "د ، ق"ی شاعیر كرد، ئەو دووپاتی لە گرتنی كردەوە و گوتی، "گرتنم بۆ حاڵەتێكی تایبەتی بووە و پرسیارم لێ كراوە و وەڵامم نەداوە". ئامادەیش نەبوو لەوە زیاتر قسە لەسەر هۆی گرتنی بكات. 

گرتنی ئەو شاعیرە یان هەر هاووڵاتییەك زیادەڕۆییە بۆ سەر ئازادییە كەسییەكانی هاووڵاتیان لەلایەن پۆلیسەوە, بە تایبەت لە سلێمانی كە بەردەوام شارێكی كراوەتر بووە و پێشەنگییەكی هەر ئازادییەك بووە بە رووی ژناندا كرابێتەوە. بۆیە هەرچەند شاعیر خۆی گرتنی پشتڕاست دەكاتەوە. بەڵام پۆلیس زانیارییەكە دەشارێتەوە.

سامان مەحموود جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو حاڵەتانە پێویست بە ئێمە نییە، چونكە ڕاستەوخۆ دەچێتە بەشی ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی.

لای خۆیەوە ئەفسەرێكی بەشی ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی بەناوی "ئاسۆ" بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە "تەنیا گوتەبێژی پۆلیس بۆی هەیە لەسەر ڕووداو و ئەو حاڵەتانە قسە بكات". لە بەرامبەردا نەقیب سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ "وشە" دەڵێ، هیچ حاڵەتێكی گرتنی لەو شێوەیە نەهاتووەتە لای ئێمە. 
گوتەبێژەكە ئاماژەی بەوە نەدا كە بۆ دڵنیابوونەوە سۆراغی زانیارییەكان لە بنكەكانی پۆلیس دەكات، بەڵكو ڕاستەوخۆ گوتی "حاڵەتی لەو شێوەیە نەبووە". 

گرتنی ئەو شاعیرە لە كاتێكدایە كە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی كرانەوەیەكی زۆریان بۆ تاك دەستەبەر كردووە و هەر لەناو كورددا دەیان نموونەی "خۆڕووتكردنەوە" تۆمار كراوە و كەسیش نەگیراوە، ئەگەرچی حاڵەتەكە گەشەی كردووە تا بڵاوكردنەوەی كلیپ كە ئەندامانی لەشی ژن یان پیاو بە روونی تیایدا دەردەكەون.

وشە/هــ ع.




وشە - باز ئه‌حمه‌د