میری ئێزیدییەكان بۆ پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان گەڕایەوە

:: PM:04:21:12/09/2017 ‌
میری ئێزیدییەكان پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان دەكات و پێی وایە كوردستانی سەربەخۆ دەتوانێت مافی ئێزیدییەكان بپارێزێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ گەڕایەوە كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم 12ی ئەیلوول، میر تەحسین سەعید گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی ئێزیدیش ئاشكرای كرد، گەڕانەوەكەی بەمەبەستی پشتیوانیكردنە لە سەربەخۆیی كوردستان.

عەزیز شركانی بەرپرسی بنكەی لالش لە شنگال بە "وشە"ی ڕاگەیاند، میری ئێزدیییەكان گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان، ئەوەش دوابەدوای ئەوەی ماوەیەك بوو لە ئەڵمانیا بوو بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی.

شركانی زیاتر گوتی، مەبەستی سەرەكی گەڕانەوەی میری ئێزیدییان پشتیوانیكردنە لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان و دەیەوێت ئەو پەیامە بە ئێزیدییەكان بگەیەنێت.

ڕوونی كردەوە كە میر تەحسین پێی وایە لە چوارچێوەی دەوڵەتی كوردستان مافی ئێزیدییەكان پارێزراو دەبێت، بۆیە پشتیوانی لێ‌ دەكات.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.

 






وشە - سه‌رخێڵ هاشم