جووتیاران خۆپیشاندانیان كرد

:: PM:04:31:12/09/2017 ‌

دژی بڕیارە نوێیەكەی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆر لە جووتیارانی سنووری شارۆكەی پێنجوێن، خۆپێشاندانێكی ناڕەزایەتییان رێك خست و بەو هۆیەشەوە  رێیەكی سەرەكی سنوورەكەیان داخست.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، زانا رەحمان قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن بە"وشە"ـی راگەیاند، جووتیارانی سنووری پێنجوێن خۆپێشاندانیان ئەنجام دا و رێی سەرەكی "سلێمانی– پێنجوێن"یان بەڕووی شۆفێراندا داخست و داوایان كرد هاوردەكردنی تەماتەی ئێرانی لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و مەرزە نافەرمییەكانی تری سنوورەكەوە رابگیرێت.

قایمقامی پێنجوێن دەڵێت، جووتیاران داواكارن كە هەرچی زووە لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چاودێری باشتری هەبێت لەسەر مەرزەكانی سنوورەكە، تا بەرهەمی تەماتە هاوردەی هەرێم نەكرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی 7/9/2010 بەبڕیاری وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باج خرایە سەر هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە و بڕی باجەكەش (٣٥٠) دینارە بۆ هەر كیلۆیەك، بەڵام هێشتا هاوردەكردنی تەماتەی ئێرانی بەردەوامی هەیە.

زانا زیاتر دەڵێت، لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵدا قسەمان كردووە و داوامان كردووە بۆ ماوەی مانگێك هاوشێوەی ساڵی رابردوو هاوردەكردنی تەماتەی ئێرانی لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و مەرزەكانی تر تا بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی پێنجوێن ساخ دەكرێتەوە، لە بازاڕ رابگیرێت و  بۆ ئەوەش چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین.

رۆژی پێنجشەمی رابردوو حەوتی ئەیلوول، دوای كۆبوونەوەی نوێنەر و ژمارەیەك لە جووتیارانی سنووری شارۆكەی پێنجوێن، لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی دیوانی وەزارەتی كشتوكاڵ، بەپێی بڕیارێكی نوێی ئەو وەزارەتە كە لەلایەن عەبدولستار مەجید دەركراوە، بەهۆی درەنگ پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی ناوچەكانی (شارەزوور و باڵەكایەتی و سیدەكان و پێنجوێن)، لەسەر بنەمای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، بڕیار درا بەڕەسمی گومرگی لەسەر بەرهەمی تەماتەی هاوردەكراو لە (250) دینارەوە بكرێتە (350) دینار بۆ هەر كیلۆیەك.

وشە/ رێبین پێنجوێنی



وشە - رامیار جەواد