لە هەفتەیەكدا لە دهۆك 45 تۆمەتبار گیراون

:: PM:04:36:12/09/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی دهۆك گرتنی 45 تۆمەتباری راگەیاند، پۆلیسی دهۆك دەڵێ‌ تاوانبارەكان له ‌بەردەم پۆلیسی دهۆك دانیان بە تاوانەكانیان ناوە و رەوانەی دادگا كراون.

هێمن سلێمان بەرپرسی راگەیاندنی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند،  بنكە و بەڕێوەبەراتییەكانی پۆلیسی دهۆك و پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە سنووری پارێزگای دهۆك 45 تۆمەتباریان گرتووە.

ئەو گوتی، "تۆمەتبارەكان لەسەر تاوانی جۆراوجۆر گیراون، لەوانە چوار كس لەسەر دزی، دوو كەس بەهۆی  توندوتیژی دژبە ئافرەتان، دوو كەس لەسەر قوماركردن، دوو كەس لەسەر خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پێوەندیكردن و تۆڕە كۆمەڵاتییەكان، چوار كەس لەسەر فێڵبازی و سواڵكردن، 13 تۆمەتبار لەسەر  شەڕ و كێشەنانەوە  و 18 كەسی تر بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ بوون.

بەگوتەی هێمن سلێمان، 16 ملیۆن دینار لەلایەن چوار كەسە‌كە دزرابوو، 60 هەزار دۆلار و ملیۆنێك دیناری عێراقی لەلایەن چوار تۆمەتباری تر دزرابوون و سەرجەم تۆمەتبارەكان لە بەردەم پۆلیسی دهۆك دانیان بە تاوانەكانیان ناوە و رەوانەی دادگا كراون بۆ ئەوەی بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.

بەپێی قسەكانی بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دهۆك، ئەو كەسانە‌ لە ماوەی هەفتەی رابردوودا گیراون و پۆلیسی دهۆك بەردەوامە لەسەر بەدواداچوون و گەڕان بەدوای تۆمەتباران بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان.

دهۆك / نەوزاد هلۆری:




وشە - سلێمان تاشان