سەرۆكی فەخری پەڕلەمانی پۆڵۆنیا پاڵپشتیی دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان دەكات

:: PM:07:02:12/09/2017 ‌

سەرۆكی فەخری پەڕلەمانی پۆڵۆنیا ئاماژەی دا كە كوردستان مۆدێلێكی سەركەوتووی پێكەوەژیانی ئاین و نەتەوەكانە كە ئەمڕۆ زۆر پێویستن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان ڕاگەیاند.

12ئەمڕۆ سێشەم 12ی سێپتێمبەر لە میانەی كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی لە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا، كۆڕنێڵ مۆراڤێچكی، سەرۆكی فەخری پەڕلەمانی پۆڵۆنیا و پەڕلەمانتار و سەرۆكی گرووپی "ئازاد و پشتیوانەكان"، پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان ڕاگەیاند.

مۆراڤێچكی باسی ڕۆڵی گرنگی كوردی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش و توندڕۆكان كرد، هەروەها ئاماژەی دا كە كوردستان مۆدێلێكی سەركەوتووی پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوەكانە، كە ئەمڕۆ زۆر پێویستن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە كۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەكەدا نوێنەری حكوومەت ئاماژەی دا، دوای سەت ساڵ لە ئەزموونی سەخت و پڕ لە تڕاژیدیای كورد لە چوارچێوەی عێڕاقدا، دەسەڵاتی كوردستان گەیشتە ئەو بڕوایەی كە ئیتر ناكرێ لە وڵاتێكدا بمێنینەوە كە بە ئاشكرا و بێ سڵەمینەوە دەستووری عێڕاق و هەموو ڕێككەوتنێكی لێكتێگەیشتن پێشێل دەكات. 

زیاتر گوتی، لەبەر ئەوە كورد هەنگاو دەنێت بە ئاڕاستەی دروستكردنی كوردستانێكی سەربەخۆ، كە دەبێتە هۆی سەقامگیركردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنی پێكەوەژیانی ئاشتییانە بۆ هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینەكان، هەروەها دەبێتە پارتنێرێكی گرنگی ئابووری بۆ ڕۆژئاوا و وڵاتانی هاوپەیمان.

 زیاد ڕەئووف بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند كە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێت لە هەموو ناوچەكانی كوردستانی عێڕاق. دوای ئەنجامی پۆزەتیڤی ڕیفراندۆم، كوردەكانی عێڕاق دەیانەوێ بەشێوەیەكی ئاشتییانە لە ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا و دراوسێكان و هەروەها لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەربەخۆیی ڕابگەیەنن. بۆیە داوای لە هەموو سیاسەتوانانی پۆڵۆنیا كرد كە پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان بكەن، بە تایبەتی كە پۆڵۆنییەكان میللەتێك بوون كە زیاتر لە 100  ساڵ وڵاتەكەیان لە ژێر دەستی داگیركەران بوون. 

دوای كۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی، زیاد ڕەئووف گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیەك پەڕلەمانتار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی سەر بە پارتە جیاوازەكان ئەنجام دا، كە بانگەوازیكردن بۆ پشتیوانی و هاوسۆزی نواندن بەرانبەر پرسی كورد. 

كۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی لە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا، یەكێكە لەو هەڵمەتە سیاسی و ڕۆژنامەوانییانەی كە نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا ئەنجامی دەدات بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. كە چەند دیدارێكی تری ئەنجام داوە لەگەڵ پەڕلەمانتاران و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان، لۆبی ئەنجام داوە لەپێناو پرسی نەتەوەیی كورد لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووری، هەروەها زنجیرەیەك لە دیمانەی تەلەڤزیۆنی و ڕۆژنامەوانی. ئەو هەڵمەتەش بەردەوام دەبێت لە ڕۆژانی داهاتوودا.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل