له‌نجه‌ عه‌لی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌

گۆرانیبێژی ده‌نگخۆشی كورد "له‌نجه‌ عه‌لی"، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام له‌ واڵی تایبه‌تی خۆیدا، دوو وێنه‌ی سه‌رنجڕاكێشی خۆی به‌جلی كوردی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ش هه‌وادارانی دڵخۆش و سه‌رسام بوونه‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ستایلی گۆرانیبێژ "له‌نجه‌ عه‌لی" به‌شێوه‌ی سوونه‌تییه‌، هه‌ر بۆیه‌ زۆرترین وێنه‌كانی به‌جلی فۆلكلۆری كوردییه‌وه‌ ده‌گرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان.

ئه‌م وێنانه‌ی ئه‌مجاره‌شی به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی له‌دایكبوونییه‌وه‌ گرتوویه‌تی و له‌ سه‌ر وێنه‌كان نووسیوویه‌تی، زۆر زۆر سوپاس بۆ نامه‌ و په‌یامه‌ جوانه‌كه‌تان، بۆ ڕۆژی له‌دایكبوونم، یه‌ك به‌یه‌كی وشه‌كانتان پێم گه‌شت، چاوكانتان ماچ خودا بۆ منتان بێڵێ.

پێشووتریش گۆرانبێژی ده‌نگخۆشی كورد "له‌نجه‌ عه‌لی" له‌سه‌ر جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵێك تاتۆی زۆری نووسی بوو و ئاشكرای كرد، كه‌ سه‌رجه‌م تاتۆكانی سه‌ر جه‌سته‌ی ناوی خوشكه‌كه‌یه‌تی.

له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا به‌هۆی ئه‌نجامدانی چه‌ندین نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری هه‌وادارانی ڕه‌خنه‌یان لێ گرت و ده‌ڵێن پێش نه‌شته‌رگه‌ری ڕووخساری جوانتر بووه‌، له‌ دوای له‌ ده‌ستدانی خوشكه‌كه‌ی، له‌نجه‌ عه‌لی ده‌یه‌وێ ته‌واوی یادگاری و بیره‌وه‌رییه‌كانی له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌ی بباته‌ سه‌ر، ته‌نانه‌ت له‌ ڕێگه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌ ده‌یه‌وێ ته‌واوی ڕووخساری له‌ خوشكه‌كه‌ی بچێت.

"له‌نجه‌ عه‌لی"، له‌ بنچه‌دا خه‌ڵكی گه‌رمیانه‌ و ئێسته‌ دانیشتووی وڵاتی به‌ریتانیایه‌، پێش كاری هونه‌ری پیشه‌ی پارێزه‌ری ده‌كرد له‌و شاره‌ی ژیانی به‌سه‌ر ده‌برد له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هاوسه‌رگیری كردووه‌ و له‌ دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی جیابووه‌ته‌وه‌، چه‌ند كلیپێلی تۆماركراوی هه‌یه‌، له‌نجه‌ دوای كۆچی دوایی خوشكه‌كه‌ی، ماوه‌یه‌ك له‌ كاری هونه‌ری دووركه‌وته‌وه‌، به‌ڵام ئێسته‌ سه‌رقاڵی كاره‌ هونه‌رییه‌كانیه‌تی.

"له‌نجه‌ عه‌لی" ماوه‌یه‌كه‌ به‌رده‌وام له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆی، هه‌وادارانی ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرن و ده‌ڵێن جوانییه‌كه‌ی له‌ ده‌ست داوه‌ به‌هۆی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ی ئه‌نجامی داوه‌ له‌م دواییانه‌دا.



وشە - محەمەد میران


PM:07:22:12/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 1265 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌