پێكهاتەكانی كەركووك پاڵپشتی بۆ ریفراندۆم دووپات دەكەنەوە

:: PM:08:37:12/09/2017 ‌

سەرۆك هۆز و نوێنەری پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئاینیی كەركووك لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەل مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی ریفراندۆم دووپات كردەوە باسیان لەو پێوەندییە مێژووییە كرد كە لە نیوان هەموو پێكهاتەكانی شارەكەدا هەیە.
 
بەشێك لە سەرۆك هۆزە عەرەبییەكان گوتیان كە شارەكەمان كوردستانییە و هیوادارین دۆخی تەناهیی كەركووك سەقامگیر بێت و ژیانی ئێمەش تیایدا پارێزراو بێت، چونكە دەمانەوێت ئەو پێوەندییانەی كە لە نێوان ئیمە كورددا هەیە، وەك خۆی بمێنێتەوە و ئێمەش بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە پڕۆسەی ریفراندۆم دەكەین و دەمانەوێت چۆن گرنگی بە نەتەوەی كورد دەدرێت، ئاوهاش گرنگی بە نەتەوەكانی تر بدرێت و ئاسایش لە شارەكەمان پارێزراو بێت. 

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پاریزگای كەركووك  لەو بارەوە رای گەیاند كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانی سەردانەكەی بۆ كەركووك، عەرەب و توركمانەكانی دڵنیا كردەوە كە مافەكانیان پارێزاو دەبێت لە دەستووری كوردستان و ئەوان بەشدار دەبن لە نووسینەوەی دەستووری نوێ.

دڵشاد پیرۆت ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگای كەركووك لە لیستی برایەتی لە لێدوانیك بە"وشە"ی راگەیاند، هاتنی بارزانی بۆ كەركووك ئیستە زۆر گرنگ و پێویست بوو. دووپاتی كردەوە كە زۆر گەشبینم بە هاتنەكەی و بەهەنگاوی سەرەكیی سەركەوتنی پڕۆسەی ریفرانۆمی دەزانم لە شارەكە بەتایبەتی و كوردستان بە گشتی.

روونی كردەوە، سەرجەم عەرەب و توركمانەكانی كەركووك پرسیارەكانیان ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد و ئەویش راشكاوانە وەڵامی دایەوە. 

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.

كەركووك/ ئارام شێركۆ




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل