رۆژنامەنووسانی پارێزگای دهۆك پشتگیری خۆیان بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان راگەیاند و ئاماژەیان كرد كە ریفراندۆم پرسێكی نیشتمانییە و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان و گەلی كوردستان پشتگیری لێ بكەن.
ئەمڕۆ 12 ئەیلوول/ سێپتێمبەر، زەری نەوزاد یەكێك لە رێكخەرانی پەنەڵی رۆژنامەنووسان و بەرپرسی رۆژنامەنووسانی مێنییە لە پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، لەژێر چاودێری فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆك، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لقی دهۆك بەناونیشانی "رۆژنامەنووسان دەڵێن بەڵێ بۆ نیشتمان"، پەنەڵێكی تایبەت بۆ سەرجەم داودەزگە و رۆژنامەنووسانی پارێزگای دهۆك لە هوڵی ئوتێل "ژیان" لە سەنتەری شاری دهۆك رێك خست.
زیاتر گوتی، لە پەنەڵەكەدا چەند تەوەرێكی گرنگ لەبارەی بەشداری رۆژنامەنووسان و دەزگەكانی راگەیاندن باس كران، بە تایبەتی باس لەوە كرا كە پێویستە دەزگەكانی راگەیاندن بە باشترین شێوە خزمەت بە هۆشیاركردنەوەی گەلی كوردستان و هاندانی هاووڵاتییان بۆ ریفراندۆم بكەن.
ئەو رۆژنامەوانە دووپاتی كردەوە كە لە پەنەڵەكەدا رۆژنامەنووسانی سەر بەدەزگەكانی راگەیاندنی هەموو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی ئاینی و نەتەوەیی پارێزگای دهۆك ئامادە بوون و هەمووان پشتگیری خۆیان بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دووپات كردەوە و بەڵێنیان دا كە كار بكەن بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان بۆ ئەوەی بەشداری لە ریفراندۆم بكەن و بلێن "بەڵێ" بۆ ریفراندۆم.
حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.
دهۆك/ نەوزاد هلۆری