وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە بە گواستنەوەی ژمارەیەك پزیشك لە هەڵەبجەوە بۆ سلێمانی، هاووڵاتییانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەوە بڕیارە سووكایەتییە بەرامبەر خەڵكی هەڵەبجە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، لە كۆی 15 پزیشكی نیشتەجێ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەڵەبجە، نۆیان گواستراونەتەوە بۆ شاری سلێمانی، ئەمەش لە كاتێكدایە كە پارێزگای هەڵەبجە گەورەترن كێشەی تەندروستی و كەمی پزیشكی هەیە.
محەمەد خەلیل هاووڵاتییەكی پارێزگای هەڵەبجە بۆ "وشە" گوتی، چەندین جار چووینە نەخۆشخانە و بنكەكانی تەندروستی لە هەڵەبجە، بەڵام پزیشكان یان مانیان گرتووە بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ سلێمانی یان لە دەوام نین، هەر جارە و بەشێوەیك ناچار چووینەتە نۆرینگەكان.
زیاتر گوتی، زۆربەی ئەو حاڵەتە كتوپڕانەی دەچنە بەشی فریاكەوتی هەڵەبجە، رەوانەی سلێمانی دەكرێن، چونكە یان پزیشك مانی گرتووە یان هەر پزیشك نییە، بۆیە نەبوونی پزیشك لەم شارە كێشەیەكی گەورەیە.
سەباح عزەدین هاووڵاتییەكیتر بۆ "وشە" روونی دەكاتەوە، ئەوەی بەرامبەر بە هەڵەبجە دەكرێت لە كەرتی تەندروستیدا، سووكایەتی و بچووكردنەوەی هەڵەبجەیە بۆ شارەدێ، بۆیە داواكارم خەڵكی و رێكخراوەكانی هەڵەبجە بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەم كارەدا، چونكە ماوەی ساڵێك دوو ساڵ ژمارەیەك دەرچووی بەشەكانی كۆلێجی پزیشكی دێنن لەم شارە لەسەر خەڵكی فێر دەبن و دواتر دەیانبەنەوە بۆ سلێمانی.
ماوەیەك لەمەوبەر بۆ ماوەی 25 رۆژ پزیشكە نیشتەجێكانی بەشی فریاكەوتنی هەڵەبجە مانیان گرت و یەكێك لە داواكارییەكانیان گواستنەوەیان بوو بۆ سلێمانی، لەگەڵ ئەوەش چەندین كەموكورتی لە كەرتی تەندروستی هەڵەبجەدا هەیە.
دكتۆر خاڵس قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم بۆ "وشە" گوتی، ئەو پزیشكانە كە رەزامەندیان بۆ دەرچووە كە بگوازرێنەوە بۆ شاری سلێمانی پزیشكی نیشتەجێن، ئەوان ماوەی چەند ساڵێكە لەو شارە دەوام دەكەن و ئێستەش داوكارییەكەیان قبووڵ كراوە بۆ گواستنەوەیان بۆ ناو سلێمانی.
قادر روونی دەكاتەوە كە راستە ئەو پزیشكانە گوازراونەتەوە، بەڵام پزیشكی نوێ دادەمەزرێن و لە شوێنی ئەوان دادەنرێت.
هەڵەبجە لە 13ی ئاداری 2014 بووە بەپارێزگا و لە ناوەندی شاری هەڵەبجە و شارەدێكانی بیارە و خورماڵ و سیروان و بەمۆ پێك دێت، ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاترە لە 120 هەزار كەس و دەكەوێتە دووری 83 كیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی.
وشە/ سەلام هانەدنی