خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.. بەرشە و بایرن و چێڵسی و سان جێرمان سەركەوتنیان بەدەستهێنا

:: AM:09:13:13/09/2017 ‌

شەوی رابردوو لە یاریگەكانی ئەوروپا یەكەم یاریی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەڕێوە چوو و تێیدا هەریەك لە یانە گەورەكان بەرشەلۆنەی ئیسپانی و بایرن میونشن ئەڵمانی و چێڵسی ئینگلیزی و پاریس سان جێرمانی فڕەنسی سەركەوتنیان بەدەستهێنا.

سەرەتا لە كۆمەڵەی یەكەم یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی لەنێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد لە شاری مانچستەر بە ئەنجامی 3-0 گۆڵ لە یانەی بازلی سویسڕایی بردەوە، گۆڵەكانیش لەلایەن مەڕوان فیلاینی لە خولەكی 35، رۆمیلۆ لۆكاكۆ لە خولەكی 53 و ماركۆس راشفۆرد لە خولەكی 84 تۆمار كران، بەم سەركەوتنەش یانەی مانچستەر یونایتد پێشەنگی یانەكانی كۆمەڵەكەی گرتە دەست.

لە یارییەكی تری كۆمەڵەی یەكەمدا یانەی بەنفیكای پورتوگالی لەنێو یاریگە و جەماوەری بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی سیسكا مۆسكۆ دۆڕا.

لە كۆمەڵەی دووەمیشدا یانەی پاریس سان جێرمان سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر یانەی سێلتیكی سكۆتلەندی بەدەستهێنا و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە 5 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی لێ بردەوە، گۆڵەكانیش لەلایەن نیمار دا سیلڤا لە خولەكی 19، كیلیان مباپێ لە خولەكی 34، ئەدینسۆن كاڤانی 2 گۆڵ لە خولەكانی 40 و 85 و گۆڵەكەی تریش بە هەڵە میكائیل لۆستیگ لە خولەكی 83 لە تیپەكەیانی تۆمار كرد، بەم سەركەوتنە گەورەیەش یانەی پاریس سان جێرمان پێشەنگی یانەكانی كۆمەڵەی دووەمی گرتە دەست.

لە یارییەكی تری كۆمەڵەی دووەمدا یانەی بایرن میونشن لەنێو یاریگەی ئەلیانز ئەرینا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام شكستی بە یانەی ئەندەرلەختی بەلجیكی هێنا، گۆڵەكانیش لەلایەن رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی لە خولەكی 12، تیاگۆ ئەلكانتارا لە خولەكی 65 و جۆشوا كیمیچ لە خولەكی 90 تۆمار كران، یانە ئەڵمانییەكە ئێستا بە كۆكردنەوەی 3 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان لە ریزی دووەمی یانەكانی كۆمەڵەی دووەم دێت.

لە كۆمەڵەی سێیەمیشدا بەهەمانشێوە 2 یاری بەڕێوە چوون، لە یاریی یەكەمدا یانەی چێڵسی پاڵەوانی ئینگلتەڕا بە ئەنجامی 6 گۆڵی بێ وەڵام چۆكی بە یانەی كاراباگ ئاكدامی دادا، هەردوو یانەی رۆمای ئیتاڵی و ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانیش بەبێ گۆڵ یەكسان بوون.

لە كۆمەڵەی چوارەمیشدا یانەی بەرشەلۆنە تۆڵەی شكستەكەی وەرزی رابردووی لە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی كردەوە و لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە 3 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی لێ بردەوە، گۆڵەكانیش لەلایەن لیۆنێل میسی 2 گۆڵ لە خولەكانی 45 و 69 و ئیڤان راكیتیچ لە خولەكی 56 هاتنە تۆماركردن.

لە یارییەكی تری هەمان كۆمەڵەشدا یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پورتوگالی لە دەرەوەی یاریگە و جەماوەر بە زەحمەت توانی لە یانەی ئۆڵەمپیاكۆسی یۆنانی بباتەوە، ئەنجامی یارییەكەش 2-3 گۆڵ بۆ یانەی پورتوگالییەكە بەكۆتا هات.

هەروەها ئەمڕۆ چوارشەم سەعات 9:45ی شەو بەكاتی كوردستان، هەر لەچوارچێوەی یارییەكانی گەڕی یەكەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا چەندان یاریی تریش بەڕێوە دەچن.

یارییەكانیش برێتین لە / لایپزیگی ئەڵمانی – مۆناكۆی فڕەنسی، لێڤەرپوولی ئینگلیزی – سڤیلییەی ئیسپانی، تۆتنهامی ئینگلیزی – بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، فینۆرد رۆتەردامی هۆڵەندی – مانچستەر سیتی ئینگلیزی، ماریبۆری سلۆڤینی – سپارتاك مۆسكۆی رووسی، پۆرتۆی پورتوگالی – بێشكتاشی توركی، شاختار دۆنیتیسكی ئۆكڕانی – ناپۆلی ئیتاڵی، ریال مەدریدی ئیسپانی – ئەپۆیل نیكۆسیای قوبڕسی.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م