دواجار میسی گرێی گۆڵی بوفۆنی كردەوە
دواجار لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی توانی گرێ كۆرەی گۆڵی گۆڵپارێزی ناوداری ئیتاڵی جیانلویجی بوفۆنی بكاتەوە و بەیەكجار دوو گۆڵی لێ تۆمار بكات.
شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی یەكەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 3-0 گۆڵ لە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بردەوە.
دوو گۆڵی یانەی بەرشەلۆنە لەلایەن ئەستێرەكەی یەكەمی یانەكە میسی لە خولەكانی 45 و 69 هاتنە تۆماركردن، گۆڵەكەی تریش لەلایەن ئیڤان راكیتیچ لە خولەكی 56 تۆمار كرا.
بەمەش میسی توانی بۆ یەكەمجار تۆڕی گۆڵی بوفۆنی گۆڵپارێزی یانەی یۆڤانتۆس بهەژێنێ دوای ئەوەی لە 3 یارییدا شكستی هێنابوو.
جێی باسە میسی تا ئێستا لەم وەرزەدا بە باشترین ئاستی یاریكردن تێدەپەڕێ و لە خولی ئیسپانیاش توانیویەتی 5 گۆڵ تۆمار بكات و ریزبەندی یەكەمی گۆڵكارانی خولەكە بگرێ.
وشە -
ئامانج ئهكرهم