زێدان دانی بە پێویستییەكی ریال مەدرید دانا

:: AM:09:45:13/09/2017 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی دانی بەوەدانا ئێستا لە ریزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی كێشەی هێڵی هێرشبەرییان هەیە و جەختیشی كردەوە لە ماوەی گواستنەوەی داهاتوودا هەوڵ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ هێرشبەرێكی نوێ دەدەن.

مانگی رابردوو یانەی ریال مەدرید دوو هێرشبەری تیپەكەی فرۆشت كە ئەوانیش برێتی بوون لە ئەلڤارۆ مۆراتا بۆ یانەی چێڵسیی ئینگلیزی و ماریانۆ دیاز بۆ یانەی لیۆنی فڕەنسی، یانەكە ئێستا لە یەدەگی هێڵی هێرشبەر تەنیا بۆرخا مایۆرالی لەبەردەست ماوە.

یانەی ریال مەدرید ئەمڕۆ چوارشەم لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی یەكەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا مێوانداری یانەی ئەپۆیڵ نیكۆسیای قوبڕسی دەكات.

لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەكەدا زێدان دانی بەوەدانا كە لە پێكهاتەی ئێستایاندا پێویستیان بە هێرشبەری ژمارە 9 هەیە.

راهێنەری یانەی ریال مەدرید هەروەها گوتی: ئاواتەخوازبووم مۆراتا لەگەڵمان بمێنێتەوە، بەڵام ئەو دەیویست بەبەردەوام یاریی پێ بكرێ، بۆیە دواجار بڕیاری رۆیشتنی دا.

زیاتر گوتی: لەم هاوینەدا هەوڵماندا بۆ هێنانی هێرشبەرێكی نوێ، پارساڵ لە كورسی یەدەگی هێڵی هێرشبەر مۆراتا و ماریانۆمان هەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا مایۆرالمان هەیە.

بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ كێ لە هێڵی هێرشبەر یاریی دەكات، لە وەڵامدا زێدان گوتی: مایۆرال لە یاریی رابردوومان لە خول ئیسپانیا بەرامبەر یانەی لیڤانتی یاریی نەكرد، بڕیارەكەش لەلایەن منەوە بوو، بەڵام بۆ ئەمشەو ئامادە دەبێت و سەری رمی هێڵی هێرشبەر دەبێت.

هەروەها بۆ یارییەكەی ئەمشەو كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی یاریی دەكات كە بەهۆی سزای یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیاوە ماوەیەكە لە یاریكردن سڕكراوە.

لەمبارەیەوە زێدان دڵخۆشی خۆی بە یاریكردنی رۆناڵدۆ دەربڕی و جەختیشی كردەوە ئەو ئەستێرەیان بەتەواوی بۆ یاریكردن ئامادەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م