ڕۆژانه نزیكه‌ی ٧٠٠ هه‌زار ئۆتۆمبێل له شهقامهكانى هه‌ولێر به‌بێ ئیشاره‌ت و ڕه‌چاوكردنی هێڵی سپیی شه‌قام، جرتوفرتیانه. وه‌ك ئه‌وه‌ی پایسكل لێ بخوڕن هه‌ر كه‌لێنێك بدۆزنه‌وه خۆی تێ ده‌كوتن. له‌و شه‌قامه به‌رینانه‌ی هه‌ولێر، ئۆتۆمبێل هه‌روه‌ك پیاده له‌وبه‌ر بۆ ئه‌وبه‌ر مل ده‌نێ، هاوشێوه‌ی جه‌نگ له هه‌ر چوار لاوه هێرشت بۆ دێنن. هاتوچۆ له هه‌ولێر قێزه‌ونترینه و پۆلیسی هاتوچۆ ته‌نیا ته‌ماشا ده‌كا.
شه‌قامه‌كانی پایته‌ختی كوردستان له به‌رینی و ته‌ختیدا كه‌م وێنه‌ن، به جۆرێك له زۆربه‌ی پایته‌خته‌كانی دنیا هاوتای كه‌مه, وه‌ك فه‌رش ڕاخرابێت خۆیان ده‌نوێنن. زۆربه‌یان چوار لاین و پێنج لایینن، به سه‌وزایی و گوڵی وه‌رزی ناوه‌ڕاستیان هاتووه‌ته ڕازاندنه‌وه. زۆرینه‌یان به پرد و به‌رزه‌پرد به‌بێ وه‌ستان چوارڕێیانه‌كان ده‌بڕێت و هاتوچۆ خێرا ده‌كه‌ن، كه‌چی ناڕێكیی ڕۆیشتن و بێ یاسایی شۆفێرانی هه‌ولێر و كه‌مته‌رخه‌می پۆلیسی هاتوچۆ، جه‌نگێكیان له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامانه به‌رپا كردووه، ده‌بێت خۆ به‌قه‌ده‌ر بسپێری.
شوفێر جگه له ئیشاره‌تی لادان كه به زیاده‌ی ده‌زانن و به كه‌می به‌كاری دێنن، گوێ به هێڵی سپیی سه‌ر شه‌قامیش ناده‌ن. له هه‌ر كاتێك ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئۆتۆمبێلی ده‌سته ڕاستت، به‌بێ ئیشاره‌ت به‌ره‌و ده‌سته‌چه‌پ مل بنێ و ئه‌وی لای چه‌پیشت به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌مه هه‌زاران جار له رۆژێكدا روو ده‌دات له هه‌ولێر. كاتێك له ناوه‌ڕاست و نێوان دوو هێڵی سپیی شه‌قام ده‌ڕۆی، له ده‌سته ڕاست و ده‌سته چه‌په‌وه هێرشت بۆ دێ، نازانی بۆ كوێ بڕۆی، ئۆتۆمبێل هێواش ده‌كه‌یه‌وه، له پشته‌وه به هۆڕن هه‌ڵت ده‌گرن، یا دواوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت بۆ دێننه‌وه ژوورێ.
ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر ده‌ری ده‌خات، له ماوه‌ی شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ، ٦١٤ ڕووداوی هاتوچۆ له پایته‌خت ڕووی داوه كه به هۆیه‌وه ١٠١ كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و ٦٤٣ كه‌سیش بریندار بوون.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كه، ٦٨٠ هه‌زار و ٨٦٨ ئۆتۆمبێل تۆمار كراون، ئه‌وه‌ش جیا له ئۆتۆمبێلی ژماره كاتی و بێ ژماره كه ڕۆژانه له شه‌قامه‌كان جرتوفرتیانه.
ڕائید فازڵ حاجی گوته‌بێژی هاتوچۆی هه‌ولێر هۆی ڕووداوه‌كانی ناوشار، بۆ پابه‌ند نه‌بوونی شۆفێر به هێڵی سپیی شه‌قام ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه هێڵه‌كان ماف و ئه‌ركیان دیاری ده‌كات و ڕوونی ده‌كاته‌وه، "هێڵی ده‌سته چه‌پ زیاتر بۆ حاڵه‌تی له ناكاوه و هێڵی ناوه‌ڕاست بۆ ڕۆیشتنی ئاسایییه و هێڵی ده‌سته ڕاستیش بۆ بارهه‌ڵگره".
ئه‌و بۆ "وشه" روونی ده‌كاته‌وه "ئه‌گه‌ر شۆفێر له نێوان هێڵه سپییه‌كانی شه‌قام بڕۆن, ژماره‌ی ئۆتۆمبێل 10 هێنده‌ی ئێسته‌ش زیاد بێت، نه پێكدادان ڕوو ده‌دات و نه ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه ده‌مێنێت كه هه‌یه". ئه‌و ئاماژه به كاتی پێدانی مۆڵه‌ت ده‌دات كه شۆفێران فێر ده‌كرێن پابه‌ندی هێڵی سپیی سه‌ر شه‌قام بن، به‌ڵام پابه‌ند نه‌بوونیان بۆ لایه‌نی په‌روه‌رده‌یییان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
ئه‌وه له كاتێكدا یاسا پێویستی به جێبه‌جێكاری لێهاتوو دڵسۆز هه‌یه و خه‌ڵك به ئاسایی حه‌ز له ئاسانترین رۆیشتن ده‌كات له دنیادا، به‌ڵام یاسا بۆیه دانراوه و پۆلیس بۆیه دامه‌زراوه تا خه‌ڵك له پاشاگه‌ردانی رزگار بكات.
یوسف بازیانی سه‌رۆكی ڕێكخراوی سه‌لامه‌تی هاتوچۆی ڕێگه‌وبان، هۆی سه‌ره‌ڕۆیی شۆفێر ده‌خاته ئه‌ستۆی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ و پێی وایه، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه كه نه‌یتوانیوه وه‌ك پێویست شوفێر هۆشیار بكاته‌وه. بازیانی بۆ "وشه" گوتی، "ده‌بێت له نووسینگه‌كانی فێربوونی شوفێری ده‌ست پێ بكرێت كه یه‌كه‌م وێستگه‌ی فێربوونن و تا ئێسته نه‌یانتوانیوه شوفێرێكی كارامه و پابه‌ند به یاسای هاتوچۆ دروست بكه‌ن، چۆن هه‌ڵسوكه‌ت له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێل و شه‌قامدا ده‌كات و مه‌رجیش نییه هه‌رچی مۆڵه‌تی لێخوڕینی وه‌رگرت، شوفێر بێت".
ئه‌گه‌رچی فازڵ حاجی ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه سزادانی شۆفێر له‌به‌ر خراپ ڕۆیشتنیان له شه‌قام وه‌ك پێویست نییه، به‌ڵام ئه‌وه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه هیچ سزایه‌ك نه‌درێن. ئه‌و ده‌ڵێ، "لێخوڕین به سه‌ره‌ڕۆیی سه‌رپێچییه و سزای بۆ دانراوه". هه‌رچه‌نده به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هه‌ولێر ژماره‌ی سه‌رپێچی، شۆفێرانی سه‌ره‌ڕۆی سه‌ر شه‌قامه‌كانی به ته‌نیا نییه، به‌ڵام حاجى ده‌ڵێ، "پۆلیسی هاتوچۆ له شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ، ٥٦ هه‌زار و ٩٧٤ سه‌رپێچی به‌گشتی تۆمار كردووه، شۆفێرانی سه‌ره‌ڕۆی سهرشهقامهكانیش له‌خۆ ده‌گرێت"، له كاتێكدا به‌رپرسى رێكخراوه‌كه‌ى هاتوچۆ ئه‌و ژماره‌یه به "كاره‌سات" ناو ده‌بات.
سه‌رپێچیكاران سڵ له سزا ناكه‌نه‌وه
سه‌رباری ئه‌وه‌ی تا ئاستێك پێبژاردنی سزاكان به‌رز بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه شۆفێرانی له سه‌ره‌ڕۆیی دوور نه‌خستووه‌ته‌وه.
به‌پێی یاسای هاتوچۆ، سزا بۆ شوفێری سه‌ره‌ڕۆ له ته‌نیا 10 هه‌زاره‌وه بۆ ٤٠ هه‌زار دینار به‌رز كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا به بڕوای فازڵ حاجی وا له سه‌رپێچیكاران ناكات تا پابه‌ندی یاساكان ببن. ئه‌و به پێویستی ده‌زانێت یاساكانی هاتوچۆ به‌پێی سه‌رده‌می ئێسته بێنه داڕشتنه‌وه و ده‌ڵێ، "له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌وڵ هه‌بوو یاساكه بێته گۆڕین، كه‌چی تا ئێسته هه‌ر كار به یاسا كۆنه‌كه ده‌كرێت".
به‌ڵام یوسف بازیانی ئه‌و سزایه به كه‌م ده‌زانێت و پێی وایه شۆفێر سڵی لێ ناكاته‌وه. ئه‌و ده‌ڵێ، "هاوارمان بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هاتوچۆ له‌به‌ر ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌یه، یاسای ژماره ٨٦ی ساڵی ٢٠٠٤ به‌راوردی یاسای ٤٨ی ساڵی ١٩٧١، هێشتا یاسا كۆنه‌كه باشتره".