له كۆى زیاتر له 46 ملیار دۆلارى گوژمه‌ى وه‌به‌رهێنان له ماوه‌ى 10 ساڵى رابردوودا، ته‌نیا شه‌ش ملیار دۆلار بۆ پڕۆژه‌كانى پارێزگاى دهۆك ته‌رخان كراوه، له‌و رووه‌وه شاره‌كه كه‌مترین جووڵه‌ى وه‌به‌رهێنانى تێدایه و ئه‌وه‌ش وایكردووه زۆرترین رێژه‌ى بێكارى به‌راورد به هه‌ولێر و سلێمانى، له پارێزگاى دهۆك تۆمار بكرێت.
به‌گوێره‌ى لیستى پڕۆژه مۆڵهتپێدراوهكانى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانی كوردستاندا، له كانوونى یه‌كه‌مى 2006 تا 20ى حوزه‌یرانى ئه‌مساڵ 2017، 772 پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان له 11 سێكته‌رى جیاوازدا مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه. له‌و ژماره‌یه 339 پڕۆژه له پارێزگاى هه‌ولێر، 218 پڕۆژه له پارێزگاى دهۆك و 215 پڕۆژه كه‌وتوونه‌ته پارێزگاى سلێمانى، به‌ڵام قه‌باره‌ى پڕۆژه‌كان به‌ته‌واوه‌تى جیاوازن.
د. ئه‌حمه‌د كه‌ریم شاره‌زاى ئابوورى، به"وشه" ده‌ڵێ، "له‌بارى چه‌ندایه‌تییه‌وه شێوه‌یه‌ك له هاوسه‌نگى له دابه‌شبوونى پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان به‌پێى پارێزگاكان هه‌یه، به‌ڵام له‌بارى چۆنایه‌تییه‌وه ئه‌و هاوسه‌نگییه لاوازه، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ى پێوه‌ندى به گوژمه و سه‌رمایه و سێكته‌رى پڕۆژه‌كانه‌وه هه‌یه".
گوژمه‌ى گشتیى پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان له كوردستاندا سه‌رووى 46 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارى ئه‌مه‌ریكاییه، له‌و رێژه‌یه 25 ملیار و 811 ملیۆن دۆلار بۆ پارێزگاى هه‌ولێر، 14 ملیار و 288 ملیۆن دۆلار بۆ پارێزگاى سلێمانى و ته‌نیا شه‌ش ملیار و 113 ملیۆن دۆلار بۆ پارێزگاى دهۆك چووه. ئه‌وه‌ش وه‌ك شاره‌زا ئابوورییه‌كه ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات، "له گوژمه‌ى ته‌رخانكراو بۆ پڕۆژه‌كان ده‌رده‌كه‌وێ هیچ هاوسه‌نگی له دابه‌شكردنى پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان به‌پێى پارێزگاكان له كوردستاندا بوونى نییه".
روونى ده‌كاته‌وه، "نادادپه‌روه‌ری له دابه‌شكردنى پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ڕووى جیۆگرافییه‌وه، پێوه‌سته به نه‌بوونى به‌رنامه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات زیاتر كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ران به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان بڕیار له شوێنى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه بده‌ن، نه‌ك حكوومه‌ت به ره‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى شوێنیان بۆ دیاری بكات".
"په‌راوێزخستنى دهۆك له پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێناندا، بارودۆخێكى ره‌خساندووه رێژه‌ى بێكارى له‌و پارێزگایه به‌راورد به هه‌ردوو پارێزگاى هه‌ولێر و سلێمانى به‌رزترین بێت"، هیوا عومه‌ر له رێكخراوى ئاشتى و ئازادى واى گوت. كه چاودێریكردنى ره‌وشى كار و مافه‌كانى كرێكاران، یه‌كێك له پڕۆژه درێژخایه‌نه‌كانى ئه‌و رێكخراوه‌یه.
عومه‌ر زیاتر ده‌ڵێ، "به‌گوێره‌ى راپۆرتى رێكخراوه‌كه‌مان و پاڵپشت به داتاكانى ده‌سته‌ى ئامارى كوردستان، رێژه‌ى بێكارى بۆ ساڵى 2015 له هه‌رێمى كوردستاندا 13.53% بووه، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا رێژه‌ى بێكارى له پارێزگاى هه‌ولێر 13.45%، له پارێزگاى سلێمانى 13.14% و له پارێزگاى دهۆك بۆ 14.40% به‌رز ده‌بێته‌وه".
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پارێزگاى دهۆك كه‌مترین پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنانى تێدا جێبه‌جێ كراوه، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى ئه‌و پارێزگایه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه حكوومه‌ت و ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان جیاوازییه‌ك له نێوان پارێزگاكاندا ناكه‌ن.
به‌ختیار ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى وه‌به‌رهێنان له پارێزگاى دهۆك، به"وشه"ى راگه‌یاند، "ئێمه زانیاریمان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى هاتن و دابه‌شبوونى گوژمه‌ى وه‌به‌رهێنان له كوردستاندا نییه، چونكه پاره‌ى وه‌به‌رهێنان بۆ كه‌رتى تایبه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه، حكوومه‌ت ته‌نیا كارئاسانییان بۆ ده‌كات".
له‌باره‌ى پڕۆژه‌كانى دهۆكه‌وه ده‌ڵێ، "پاساوى ئه‌وه هه‌یه كه هه‌ردوو پارێزگاى هه‌ولێر و سلێمانى له‌ڕووى ژماره‌ى دانیشتووان و رووبه‌ر و مێژووى وه‌به‌رهێنانه‌وه له پێش دهۆكهوهن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا، نابێ كه‌مترین پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان له دهۆك بێت، پێویسته حكوومه‌ت له‌و رووه‌وه جیاوازیى له نێوان شاره‌كاندا نه‌كات".
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى وه‌به‌رهێنانى دهۆك، وێڕاى ئه‌وه‌ى به پێویستى ده‌زانێ كه حكوومه‌ت جیاوازى له نێوان شاره‌كاندا نه‌كات، به‌ڵام دووپاتی ده‌كاته‌وه، "حكوومه‌ت و ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان جیاوازیی ناكه‌ن".
وشه/هه‌ولێر-دهۆك- نه‌وزاد هلۆری و رێبین فه‌تاح