شاندی یەكێتی و پارتی بەرەو سلێمانی كەوتنە ڕێ‌

:: PM:01:35:13/09/2017 ‌

كەمێك پێش ئێستە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرەو سلێمانی كەوتنە ڕێ‌ بەمەبەستی دواین گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و دوا بڕیار لەو حزبە وەردەگرن.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دراون بە "وشە" لە سەرچاوەیەكی باڵا تیایدا هاتووە، بەر لە تەواوبوونی كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان پێوەندی بە یەكێـتی كردووەتەوە كە كۆبوونەوەی خانەی ڕاپەڕاندن تەواو بووە و دەتوانین گفتوگۆتان لەگەڵ بكەین.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، ئێستە شاندی یەكێتی و پارتی دوای نانخواردنی نیوەڕۆ، لەگەڵ شاندەكەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبووبوونەوە و هەمان ئەو كەسانە دەچنە سلێمانی و لە شەودا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆ دەبنەوە.

ئێستە خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەیە لەگەڵ ژوورەكانی بزووتنەوەكە بۆ وەڵامدانەوەی یەكێتی و پارتی، پێ دەچێت شەو یان سبەی كۆبوونەوەیەكی تر لە نێوان پێنج لایەنەكە لە شاری سلێمانی بۆ گەیشتن بە ئەنجام ساز بكرێت.

دوێنێ‌ مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، كۆبوونەوەكە زۆر قسەی راشكاوانەی تێدا كراوە و حەوت خاڵەكەی یەكێتی گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، گۆڕان قسەی خۆیان كردووە و ئەگەر بەم شێوەیە بن، ئەوە موژدەی ڕێككەوتن رادەگەیەنین.



وشە - رامیار جەواد