عەرەب متمانە لە فوئاد مەعسووم وەردەگرنەوە

:: PM:01:48:13/09/2017 ‌

ژمارەیەك لە پەرلەمانتاری عەرەب لەشاری بەغدا، هەڵمەتێكی تریان دژ بە كورد دەست پێ‌ كردووە لە ڕێی كۆكردنەوەی واژوو دەیانەوێت متمانەی سەرۆك كۆماری لە فوئاد مەعسووم وەربگرنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕاستە هەندێك لە پەرلەمانتاری عەرەب هەڵمەتێكی تریان دژی سەرۆك كۆمار دەست پێ‌ كردووە و بەنیازن بۆ لابردنی لە پۆستەكەی و كۆمەڵێك واژوو كۆبكەنەوە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، سەندنەوەی متمانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری بەگوێرەی یاسایە، ئەویش بەپێی مادەی 61 دەڵێت ئەگەر سەرپێچی دەستووری كردبوو یان دەرچوون لەبەرژەوەندیی وڵات، ئەو كاتە لە دادگ دەبێت بسلەمێنرێت ئەوجا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بێتە ناردن.

جاف دەڵێت، ئەو هەڵمەتە تەنیا بانگەشەی چەند پەرلەمانتارێكی عەرەبە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ كە كاتی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانە.

دوێنێش پەرلەمانتارێكی عەرەب ڕای گەیاندبوو ئەو ڕۆژەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆ بەیانییەكەی فوئاد مەعسووم كەسێكی بیانییە و لە پۆستی سەرۆك كۆماری نامێنێت.

ئێستە ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتاران و سەركردەكانی عێراق هەوڵدەدەن بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە كورد و لەڕێی پەرلەمانتارەكانیان، هەڵمەتێكیان دەست پێ‌ كردووە.



وشە - رامیار جەواد