پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان: ئاماده‌باشین و ڕێگه‌ به‌ هاتنی هیچ هێزێك ناده‌ین

:: PM:02:52:13/09/2017 ‌

فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری جەلەولا و خانەقین ئاشكرای كرد، پێشمەرگەی كوردستان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە و بە هیچ شێوەیەك ڕێ بە هیچ لایەك نادرێ ڕووداوی هاوشێوەی مەندەلی لەو ناوچانە دووبارە بكاتەوە، گلەیی ئەوەش دەكات كە بانگەشەكردن بۆ ڕیفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكان وەك پێویست نییە.

عیرفان حەمەخان جێگری فەرماندەی لیوای سێی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان لە خانەقین و جەلەولا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە لەوپەڕی ورە و ئامادەباشیدان بۆ هەر پێشهاتێك و بە تەواوی جێگیر كراون و شوێنەكانمان قایم و پتەو كردووە، بۆ ئێستە و داهاتووش لەو ناوچانە دەمێنینەوە و بەیەكجاری جێگیر بووین.

لەبارەی جموجۆڵی حەشدی شەعبی و مەترسی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەكانی مەندەلی، ناوبراو گوتی، لەو ناوچانەی ئێمەی لێیە حەشدی شەعبی دوورن و تەنیا لە گوندی مەرجانە لێمانەوە نزیكن، ئەوانیش هیچ جموجۆڵێكی ئەوتۆیان نییە و بەهیچ شێوەیەك نیازی كاری لەو شێوەیەیان نییە، ئێمە وەك پێشمەرگە لە ڕووی نیشتمانییەوە بە گرنگی دەزانین بایەخی زیاتر بەو ناوچانە بدرێ لە بانگەشەی ڕیفراندۆم، چونكە وەك پێویست نییە و پێویستە لە ناوچە دابڕاوەكان بانگەشە چڕتر بكرێتەوە و هیچ مەترسییەك بوونی نییە.

ڕۆژی 10ی ئەیلوول/سێپتێمبەر میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەق و عەرەبە شۆڤێنییەكان هێرشیان كردە سەر بارەگای ئەنجوومەنی شارەوانی شارەدێی مەندەلی و ئاڵای كوردستانیان هێنایە خوارەوە و دەستیان بە مانگرتن و خۆپێشاندان كرد، دوای دوو ڕۆژ بە زەبری هێز پارێزگای دیالە فەرمانی دوورخستنەوەی سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی مەندەلی دەركرد.

مەندەلی یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و سەر بە شارۆكەی شارەبانە. بەگوێرەی دوا ئامار، ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 90 هەزار كەس دەبێ و زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانیشی كوردن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د